کۆنگرێسی ئەمریکا تاوانەکانی داعشی لە عێراق و سووریا بە جینۆساید ناساند

کۆنگرێسی ئەمریكا بە زۆرینەی دەنگ تاوانەکانی رێکخراوی داعشی لە عێراق و سووریا بە جینۆساید ناساند.

K24 - ھەولێر:

شەوی رابردوو كۆنگرێسی ئەمریكا بە زۆرینەی دەنگ تاوانەكانی داعشی لە عێراق و سووریا بە جینۆ ساید ناساند.

بە ئامانجی فشار خستنە سەر باراک ئۆباما، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ ئەوەی لەناوبردنی کوردانی ئێزیدی و کرستیانەکان و کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکە بە جینۆساید بناسێنی، کۆنگرێسی ئه‌و وڵاته‌ بە زۆرینەی دەنگ تاوانەکانی رێکخراوی داعشی لە عێراق و سووریا بە جینۆساید ناساند.

لە بڕیارێکی دیکەشدا ئه‌ندامانی كۆنگرێس به‌ 392 دەنگی به‌ڵێ بەرامبەر بە سێ دەنگی نەخێر، داواکارییه‌كیان ئاراسته‌ی کۆشکی سپی كرد، كه‌ داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات، بۆ پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە عێراق و سووریا.

هه‌رچه‌نده‌ وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مریكا تا ئێستا رەتی دەکاتەوە تاوانه‌كانی داعش بە جینۆساید بناسێنێت، بەڵام بڕیارە بەم نزیکانە، جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دوا هەڵوێستی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی لەوبارەوە رابگەیەنێت.

لە ماوەی رابردوودا زۆرینەی پەرلەمانتارانی بەریتانیا داوایان لە سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیانكرد، تاوانەكانی داعش بە جینۆساید بناسێنرێت بەرامبەر بە كەمە نەتەوەیەكانی عێراق و سووریا.

ئەوە لە كاتێكدایە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە ماوەی رابردوودا رایگەیاند، ناتوانێ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش بكات لە عێراق و سووریا بەھۆی ئەندام نەبوونی ئەو دوو وڵاتە لە دادگای نێودەوڵەتی.

 داڕشتنەوە: ش ،م