رووسیا یەکەم کاروانی هێزەکانی لە سووریا کشاندەوە
K24-هەولێر
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند کە ئەمڕۆ سێشەممە، یەکەم کاروانی کەرەستە سەربازییەکانی هێزە چەکدارەکانی لە سووریا کشاندەوە.
دەستپێکردنی کشاندنەوەی پێداویستییە سەربازییەکان و هێزە چەکدارەکانی رووسیا لە سووریا دوای چەند کاتژمێرێک هات لە بڕیاری سەرۆکی رووسیا لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "کارمەندانی تەکنیک ئامادەکارییان دەستپێکرد بۆ ئامادەکردنی فڕۆکەکان بۆ گەشتی درێژخایەن بەرەو بنکەکان لە رووسیا و هێزە سەربازییەکان کەرەستە سەربازییەکان لەو فڕۆکانە باردەکەن".
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران محەممەد جەواد زەریف لەبارەی بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی رووسیا لە سووریا، رایگەیاند: "پێویستە وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ ئاگربەست بڕوانرێتە هەنگاوی دەستپێکردنی کشانەوەی رووسیا لە سووریا".
گوتیشی: "راستیی خۆراگرتنی ئەو نیمچە ئاگربەستە چێی پێشوازی لێکردنە، ئەمە پرسێکە ئێمە بەلانی کەم دوو ساڵ و نیوە یان سێ ساڵە داوای دەکەین".
لای خۆیەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی پێشوازیی لە بڕیاری کشاندنەوەی سەربازیی رووسیا کرد لە سووریا و بە کارێکی ئەرێنی ناوبرد.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، فرانک فاڵتەر شتاینمایەر رایگەیاند: "کشاندنەوەی بەشێکی گەورەی هێزەکانی رووسیا لە سووریا کە سەرۆک ڤلادیمیر پوتن رایگەیاند، ئەگەر راست بێ، فشاری زیاتر دەخاتە سەر سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد".
بەڵام گوتەبێژ بە ناوی سەرۆکی ئەمریکا، جۆش ئێرنست لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: "پێویستە ئێمە بە وردی بزانین نیازەکانی رووسیا چین، ئەستەمە بۆ من دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارە لەسەر دانووستانەکانی ئێستا هەڵسەنگێنم".
سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف