بەرگریی رووسیا: بەردەوام دەبین لە بۆردومانکردنی تیرۆریستان لە سووریا

K24-هەولێر

جێگری وەزیری بەرگریی رووسیا، نیکۆلای بانکۆڤ، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە هێزی ئاسمانیی رووسیا بەردەوام دەبێ لە بۆردومانکردنی پێگەکانی رێکخراوی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە لە سووریا.

لێدوانی بەرپرسە رووسییەکە هاوکاتە لەگەڵ کشاندنەوەی یەکەم کاروانی هێزە سەربازییەکانی رووسیا لە سووریا کە بە بڕیاری سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتن جێبەجێ کرا.

نیکۆلای بانکۆڤ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی رۆژنامەوانیی رووسیا بڵاوی کردەوە، گوتی: "چەند ئەنجامێکی ئەرێنی دیاریکراو بەدیهاتوون و هەلێکی راستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێ درێژخایەنە دەرکەوتووە".

جێگری وەزیری بەرگریی رووسیا لە رێورەسمێکدا لە بنکەی سەربازیی حمێمیم لە سووریا گوتیشی: "ئەرکەکە بە جێ گەیەندرا، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی باسی سەرکەوتن بکەین بەسەر تیرۆر، هێزی ئاسمانیی رووسیا ئەرکێکی درێژخایەنی لەسەر شانە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر مۆڵگەکانی تیرۆر".

ئا: ئا ، ف