رووسیا: سیستمی S-400 بۆ بەرگریی ئاسمانیی لە سووریا دەهێڵینەوە

بۆ رێگەگرتنە لە فڕین و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە لە ئاسمانی سووریا

K24-هەولێر

سەنتەری دەسەڵات لە رووسیا (کرملین)، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند رووسیا سیستمی S-400 بۆ بەرگریی ئاسمانیی لە سووریا دەهێڵێتەوە.

ئاژانسی رۆژنامەوانیی رووسیا لە زاری سێرگێ ئیڤانۆڤ، گەورە کارمەندانی کرملینی گواستەوە کە: "سەرەرای کشاندنەوەی زۆربەی هێزەکانی رووسیا لەوێ، بەڵام رووسیا سیستمی S-400 ی پێشکەوتوو بۆ بەرگریی ئاسمانیی لە سووریا دەهێڵێتەوە".

لە وەڵامی  پرسیارێک لەبارەی ئاخۆ رووسیا سیستمی مووشەکیی S-400 دژە فڕۆکە لە سووریا دەکشێنێتەوە یان نا، سێرگێ ئیڤانۆڤ بە رۆژنامەنووسانیشی گوت: "پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایش بە شێوەیەکی کارا بەتایبەت لە ئاسمانەوە".

جاودێرانی کاروباری سووریا لای خۆیانەوە دەڵێن نە کشاندنەوەی سیستمی مووشەکیی S-400 لە لایەن رووسیاوە بۆ رێگەگرتنە لە فڕین و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە لە ئاسمانی سووریا.

مەودای هەر مووشەکێکی سیستمی S-400 دژە فڕۆکە دەگاتە 400 کم، ئەمەش بەو واتایەیە کە رووسیا بەشێکی زۆر فراوانی ئاسمانی سووریای کۆنتڕۆڵ کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند کە ئەمڕۆ سێشەممە، یەکەم کاروانی هێز و کەرەستە سەربازییە قورسەکانی هێزە چەکدارەکانی رووسیا لە سووریا کشاندەوە.

دەستپێکردنی کشاندنەوەی پێداویستییە سەربازییەکان و هێزە چەکدارەکانی رووسیا لە سووریا دوای چەند کاتژمێرێک هات لە بڕیاری سەرۆکی رووسیا لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف

Fly Erbil Advertisment