دووەم کاروانی فڕۆکەکانی رووسیا سووریایان جێهێشت
K24-هەولێر
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند ژمارەیەکی دیکەی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە فڕۆکەخانەی سەربازیی حێمیم لە سووریاوە گەڕانەوە رووسیا.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "کاروانەکە فڕۆکەیەکی جۆری ئیلیوشن-76 ە لەپاڵ چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری سۆخۆی-25".
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی بەرگریی رووسیا، دوێنێ سێشەممە، رایگەیاند: یەکەم کاروانی کەرەستە سەربازییەکانی هێزە چەکدارەکانی لە سووریا کشاندەوە.
دەستپێکردنی کشاندنەوەی پێداویستییە سەربازییەکان و هێزە چەکدارەکانی رووسیا لە سووریا دوای چەند کاتژمێرێک هات لە بڕیاری سەرۆکی رووسیا لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "کارمەندانی تەکنیک ئامادەکارییان دەستپێکرد بۆ ئامادەکردنی فڕۆکەکان بۆ گەشتی درێژخایەن بەرەو بنکەکان لە رووسیا و هێزە سەربازییەکان کەرەستە سەربازییەکان لەو فڕۆکانە باردەکەن".
هاوکات ئاژانسی رۆژنامەوانیی رووسیا لە زاری سێرگێ ئیڤانۆڤ، گەورە کارمەندانی کرملینی گواستەوە کە: "سەرەرای کشاندنەوەی زۆربەی هێزەکانی رووسیا لەوێ، بەڵام رووسیا سیستمی S-400 ی پێشکەوتوو بۆ بەرگریی ئاسمانیی لە سووریا دەهێڵێتەوە".
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئاخۆ رووسیا سیستمی مووشەکیی S-400 دژە فڕۆکە لە سووریا دەکشێنێتەوە یان نا، سێرگێ ئیڤانۆڤ بە رۆژنامەنووسانیشی گوت: "پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایش بە شێوەیەکی کارا بەتایبەت لە ئاسمانەوە".
جاودێرانی کاروباری سووریا لای خۆیانەوە دەڵێن نە کشاندنەوەی سیستمی مووشەکیی S-400 لە لایەن رووسیاوە بۆ رێگەگرتنە لە فڕین و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە لە ئاسمانی سووریا.
مەودای هەر مووشەکێکی سیستمی S-400 دژە فڕۆکە دەگاتە 400 کم، ئەمەش بەو واتایەیە کە رووسیا بەشێکی زۆر فراوانی ئاسمانی سووریای کۆنتڕۆڵ کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند کە ئەمڕۆ سێشەممە، یەکەم کاروانی هێز و کەرەستە سەربازییە قورسەکانی هێزە چەکدارەکانی رووسیا لە سووریا کشاندەوە.
دەستپێکردنی کشاندنەوەی پێداویستییە سەربازییەکان و هێزە چەکدارەکانی رووسیا لە سووریا دوای چەند کاتژمێرێک هات لە بڕیاری سەرۆکی رووسیا لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا.
سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف