رووسیا كاروانێكی دیكه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی كشانده‌وه
رووسیا به‌رده‌وامه له كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی
K24 - هه‌ولێر:
كاروانێكی دیكه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی رووسیا، سووریایان جێهێشت.
له چوارچێوه‌یه‌ی بڕیاره‌كه‌ی مۆسكۆ بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له سووریا، ئه‌مڕۆ كاروانێكی دیكه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی رووسیا، له جۆره سوخۆی ئێس ی‌و 25 و فڕۆكه بارهه‌ڵگره سه‌ربازییه‌كان له جۆری ئای ئێڵ 76، بنكه‌ی سه‌ربازیی حمه‌یمیم-یان له پارێزگای لازقیه جێهێشت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، پێشوازی له‌و هه‌ڵوێسته‌ی رووسیا كرد و رایگه‌یاند، له ئێستادا رووسیا، كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی كردووه‌ته كرده‌وه.
ئه‌مه‌ریكا راشیگه‌یاند، ئه‌وان وێڕای پێشوازی له‌و بڕیاره، هیواخوازن شه‌ڕی "سه‌پێندراو"ی سووریا كۆتایی پێبێت و بتوانن رێگه‌چاره‌ی ئاشتییانه بۆ ئه‌و قه‌یرانه بدۆزنه‌وه، كه زیاتر له 5 ساڵه ئه‌و وڵاته‌ی گرتووه‌ته‌وه و بووه‌ته كوژرانی زیاتر له 270 هه‌زار كه‌س و به ملیۆنانیش ئاواره‌بوونه.
لای خۆیه‌وه ستافان دیمیستۆرا، نێردراوی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ سووریا، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی رووسیا، به خاڵێكی گرنگ وه‌سفكرد، بۆ پێشڤه‌چوونی زیاتر گفتوگۆكان و گه‌یشتنه رێگه‌چاره‌ی ئاشتییانه.
دیمیستۆرا گوتی: "هیوادارین ئه‌و هه‌نگاوه‌ی رووسیا كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌سه‌ر دانوستانه‌كانه‌وه هه‌بێت".
جۆن كێری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، بڕیاره بۆ گفتوگۆكردن له باره‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌وه، سه‌ردانی مۆسكۆ بكات و له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتین، تاووتوێی قه‌یرانی سووریا بكه‌ن.