عادل عەبدولمەھدی: لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت پێویستە داھاتەكانی دیكە زیاد بكەین
"نموونەیەكی باشتری دارایی و ئابووریی پێشكەش بكەین"

K24 - سلێمانی:
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت پێویستە داھاتەكانی دیكە زیاد بكەین و نموونەیەكی باشتری دارایی و ئابووریی پێشكەش بكەین.
لە بەشداریكردنی لە پانێڵی یەكەمی رۆژی دووەمی دیداری سلێمانی عادل عەبدولمەھدی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: "لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت پێویستە كەرتەكانی وەك پێشەسازی، كشتوكاڵی، بازرگانی و تەواوی داھاتەكانی دیكەی وڵات زیاد بكەین و بیخەینە بازاڕەكانەوە".
گوتیشی: " رێگایەكی دوور و درێژمان لە پێشە، پێویستە نموونەیەكی باشتری دارایی و ئابووریی پێشكەش بكەین، ئەو رێوشوێنانە بگرینەبەر كە لە دابەزینی نرخەكاندا بتوانین مامەڵەیەكی باش بكەین، ئێمە ناتوانین خۆمان لەو دۆخەدا بدزینەوە، چونكە ئەو بابەتە پەیوەندی بە لایەنی فرۆشیار و كڕیاریشەوە ھەیە، ئێمە پابەندی ئەو رێككەوتنانەین بە دابەزینی نەوتیشەوە لەبەرچاومان گرتوون".
ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "كەمكردنەوەی شایستەكان لە ئەمساڵدا زۆر بەرزە ئەمە بۆ ئەوە نییە دۆخی دارایی و ئابووریی ئێستا بەم شێوەیە گرانە، بەڵام دەكرێت ئەمە لە داھاتوودا بە باش بكەوێتەوە، پێشبینی دەكەین تێچووەكان ساڵانە كەمتر ببنەوە لە بەرامبەردا ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە ئەگەر رێژەی نەوت بەرھەمھێنانی كەمتر بێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "پێویستە لەو رێككەوتنانەی كردومانە بەردەوام بین، ئێمە لەسەر ئەو رێگایەدا بەردەوامین و ھەموومان ئەنجامەكان بە ھەند وەردەگرین، كۆمپانیاكانیش لە شوێن و وڵاتانی دیكە بەرھەمھێنانیان كەمكردوەتەوە و ھەوڵدەدەن تێچووەكان كەم بكەنەوە، ھەمان شت بۆ عێراقیش راستە".
دوێنێ چوارەمین دیداری زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی دەستی بە كارەكانی كرد و چەند بەرپرس و سیاسەتمەدارێك بەشداریان لە بانێڵەكان كرد و باسیان لە كێشەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست كرد، لە پانێڵی یەكەمی ئەمڕۆشدا باس لە كێشە داراییەكان دەكرێت.