هاوپەیمانان: هێزی شەڕکەری رووسیا لە سووریا وەک خۆی ماوە

K24-هەولێر

گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کۆلۆنێڵ ستیڤ وارن رایگەیاند هاوپەیمانان بینیان کە چەند فڕۆکەیەکی جەنگاوەر و سەربازی رووس سووریایان جێهێشت، بەڵام هێزی شەڕکەری رووسیا لە سووریا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسردا نەهاتووە و لە چەند هەڵمەتێکدا بەشدارە.

کۆلۆنێڵ ستیڤ وارن لە عێراقەوە بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکای راگەیاند: "هاوپەیمانان بینیان لە نێوان هەشت بۆ دە فڕۆکەی رووسیا و چەند یەکەیەکی سەربازیی بچووک لە نزیکی فڕۆکەخانە بوون بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان".

ستیڤ وارن گوتیشی: "هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی کشانەوە چەند فڕۆکەیەکی رووسیا بە ئاسمانەوە بوون، بەڵام هێرشی ئاسمانیان ئەنجام نەدا و چەند یەکەیەکی تۆپخانەی رووسیا هاوکاریی هێزەکانی سووریا دەکەن لە دژی (داعش) لە شاری تەدمور (لە سووریا)".

گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئاماژەشی کرد کە: "ئەستەمە نیازەکانی رووسیا ئاشکرا بکرێن، بەڵام ئێمە پێشبینی ئەم هەنگاوەمان نەدەکرد، بۆیە ئەوکاتەی کە گوتەکانیان لەگەڵ رفتاریان بەراورد دەکەین پێویست دەکات چاوەڕوان بین بۆ ئەوەی پێشهاتەکان ببینین".

هاوکات چەند چاودێر و شرۆڤەکاری رۆژئاوایی پێیانوایە ئامانجی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتن فشار خستنە سەر سەرۆکی سووریایە، بەشار ئەسەد بۆ قایلبوون بە چارەیەکی سیاسیی بۆ ئەو جەنگەی کە پێنج ساڵە لە سووریا بەرپایە.

لای خۆیەوە فەرماندەی هێزی ئاسمانیی رووسیا، جنراڵ ڤیکتۆر بۆندارییڤ رایگەیاند کە: "مۆسکۆ لە یەک تا دوو رۆژدا زۆربەی هێزەکانی لە سووریا دەکشێنێتەوە".

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف