رۆژئاوای کوردستان فیدڕاڵیی راگەیاند
وەزارەتی دەرەوەی سووریا: هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە
K24-هەولێر
کۆبوونەوەی دامەزراندنی سیستمی فیدڕاڵیی لە رۆژئاوا و باکووری سووریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سیستمی فیدڕاڵیی لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا راگەیاند.
راوێژکاری هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، سیهانۆک دیبۆ لەمبارەوە رایگەیاند: "سیستمی فیدڕاڵیی لە رۆژئاوا پەسەند کرا و (بەشداربوانی کۆبوونەوەی شاری رمێلان لە پارێزگای حەسەکە) رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی دامەزرێنەر بۆ سیستم و سستمی سەرۆکایەتی هاوبەش".
دوێنێش زیاتر لە 150 نوێنەری حزبە کوردییەکان لە رۆژئاوا لە شاری رمێلان لە پارێزگای حەسەکە کۆبوونەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ درێژە بەو کۆبوونەوەیە بدرێ بۆ تاوتوێکردنی راگەیاندنی سیستمی فیدڕاڵیی لە رۆژئاوای کوردستان.
بەپێی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە روژئاوای کوردستان (پەیەدە) و چەند رێکخراوێک و لایەنێکی نێودەوڵەتیی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە نزیکەی 10% روبەری سووریا و ئێستا بریتین لە کانتۆنەکانی (جزیرە، کۆبانێ، عەفرین).
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سووریا، ئەمڕۆ، رایگەیاند: راگەیاندنی فیدڕاڵیی لە لایەن کوردەوە هیچ بنەمایەکی یاسایی و کاریگەرییەکی سیاسیی نییە.
لای خۆیەوە هاوپەیمانێتی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا جەختی کردەوە لەسەر یەکێتی خاک و گەلی سووریا و هۆشداری دا لە دروستکردنی چەند ناوچەیەک بڕیار و ئیرادەی گەلی سووریا قۆرخ بکەن و رایگەیاند: "دیارکردنی شیوازی دەوڵەتی سووریا کاری بە تەنیا لایەن و گرووپێک نییە".
سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف