ئەحمەد سلێمان: ئێمە دژی سیستمی فیدڕاڵی نین دژی بڕیاری تاك لایەنەی سیاسین
K24 - ھەولێر:
ئەندامێكی پارتی دیموكراتی پێشڕەو لە سووریا رایگەیاند، ئەوان دژی سیستمی فیدڕاڵی نین بەڵكو دژی بڕیاری تاك لایەنەی سیاسین.
لە میانی بەشداریكردنی لە رووماڵی ھەواڵەكانی (كوردستان24) ئەحمەد سلێمان، ئەندامی پارتی دیموكراتی پێشڕەو لە سووریا لە بارەی دامەزراندنی سیستمی فیدڕاڵی لە رۆژئاوا و باكووری سووریا، رایگەیاند: "ئێمە دژی سیستمی فیدڕاڵی نین بەڵكو دژی بڕیاری تاك لایەنەی سیاسین، ناكرێ لایەنێك بە تەنیا بیەوێت لە بری ھەموو لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كورد بڕیار بدات".
لە رۆژی 17ی ئەم مانگە بە ئامانجی بەڕێوەبردنی ناوچەكانی رۆژئاوا و باكووری سووریا، بە بەشداری 200 نوێنەر لە ھەرسێ كانتۆنی جزیر، عەفرین، كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان و نوێنەری ژمارەیەك لە پارتە سیاسییەكان لە شارۆچكەی رمێلان سیستمی فیدڕاڵی بۆ رۆژئاوا و باكووری سووریا راگەیاندرا.