ھەناردەكردنی نەوت لە گەرمیان دەست پێدەكاتەوە

"ماوەی مانگێك ھەناردەی نەوت لەم سنوورە وەستێنرابوو"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/1470212b-24b7-4d99-bc84-30b9d37a67b3/GazfromDestiBedarhenaniNewtKrdLeGermyan.ism/manifest

K24 - گەرمیان:

بەڕێوەبەری شارۆچكەی سەرقەڵا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان راگەیاند، دوای وەستانی ھەناردەی نەوت بۆ ماوەی مانگێك لە كێڵگەی نەوتی حەسیرە لە گەرمیان، لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست دەكرێتەوە بە ھەناردەكردنی نەوت لەم سنوورەدا.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری شارۆچكەی سەرقەڵا لە سنوور ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند: "دوای ئەوەی كۆمپانیای (وێسترن زاگرۆس) لە سنووری لەم سنوورە كۆتایی بە كارەكانی ھێنا، ئێستا كۆمپانیانیای (گازپڕۆم) بە گرێبەستێك ئەرك و فەرمانەكانی ئەم كۆمپانیایەی گرتوەتە ئەستۆ، رۆژانە بەرھەمھێنانی نەوت لەم سنوورەدا 5 ھەزار بەرمیل نەوتە".

گوتیشی: "ماوەی مانگێك بە بیانووی دابەزینی نرخی نەوت ھەناردەكردنی نەوت لەم سنوورە راگیرا، بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست بكرێتەوە بە ھەناردەی نەوت".

و موشیر عارف، شارەزا لە بواری ئابووریی بە (كوردستان24)ی گوت: "نرخی نەوت راستەوخۆ پەیوەندی بە ھەموو كایەكانی بازرگانی ھەیە، بە تایبتی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان كە زیاتر لە 95% ی داھاتی لە نەوتەوە دەست دەكەوێت".