شرناخ...شەڕ و ئاڵۆزی كەوتە نێوان پۆلیس و ھاووڵاتیان
K24 - شرناخ:
بە ھۆی رێگری كردن لە مەراسیمی جەژنی نەورۆز لە شارۆچكەی سلۆپی سەر بە شاری شرناخ لە باكووری كوردستان شەڕ لە نێوان پۆلیس و ھاووڵاتیان روویدا.
بە گوێرەی زانیاری پەیامنێرانی (كوردستان24) لە باكووری كوردستان، ژمارەیەك ھاووڵاتی شارۆچكەی سلۆپی سەر بە شرناخ بۆ كردنەوەی ئاگر و ئاھەنگ بە بۆنەی جەژنی نەورۆز ھاتوونەتە سەر شەقام و شوێنە گشتییەكان، بەڵام پۆلیسی رێگریان لێ دەكات".
پەیامنێرانمان ئەوەشیان راگەیاند: "بەھۆی دەمەقاڵە لە نێوان ھاووڵاتیان و پۆلیس شەڕ و ئاڵۆزی لە شارۆچكەی سلۆپی روویدا، ئەمەش بووە ھۆی برینداربوونی ژمارەیەك پۆلیس و ھاووڵاتی".
ئەوە لە كاتێكدایە چەند رۆژێك پێش ھاتنی جەژنی نەورۆز حكوومەتی توركیا بە فەرمی مەراسیمی جەژنی نەورۆزی لە شارەكانی باكووری كوردستان قەدەغەكرد، حكوومەتی توركیا قەدەغەكردنی ئاھەنگ و ئاگر كردنەوەی نەورۆزی بۆ خراپی بارودۆخەكە و پارستنی سەروماڵی خەڵكی گێڕایەوە، بەڵام بە بڕوای ژمارەیەك پارتی سیاسی باكووری كوردستان توركیا دەیەوێت ئەمە بكاتە بیانوو بۆ رێگری كردن لە ئاھەنگ و خۆشی كوردان لە جەژنی نەورۆز.
