ده‌يان كه‌س له‌ حه‌ويجه‌ رايانكرد و خۆيان راده‌ستى پێشمه‌رگه‌ كرد

شەوی رابردوو نزیکەی 170 کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش خۆیان رادەستی ھێزەکانی پێشمەرگە کردووە.

K24 – هه‌ولێر:

لە گەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای حەویجە کۆچی بە کۆمەڵی ھاوڵاتییان بۆ سنوورەکانی ھێزی پێشمەرگە روو لە زیادبوونە, شەوی رابردووش نزیکەی 170 کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش خۆیان رادەستی ھێزەکانی پێشمەرگە کردووە.

ئەو خێزانە عەرەبانە بەشێک لەو مەینەتییانە بۆ کوردستان 24 دەگێڕنەوە کە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی داعشدا بینیوییانە.

ئەوان زیاتر لە 15 کاتژمێرییان بە پێ بڕیوە بۆ ئەوەی  لە ژێر دەسەڵاتی خەلافەتەکەی داعش ھەڵبێن و بگەنە سنوورە ئارامەکانی ھێزی پێشمەرگە. ئەوان دەیان چیرۆکی تراژیدییایان بینیوە و بەشێک لە مەینەتیەکانیشیان  بۆ کوردستان 24 باس دەکەن.

پێشمەرگە لە دوای جێبەجێکردنی ئەرکی مرۆڤانەی خۆیان و پێدانی ئاوو خۆراک و خزمەتکردنیی خێزانەکان , دواتر بە ڕێزەوە رەوانەی سەرووی خۆیانییان دەکەن و قۆناغی لێکۆڵینەوە دەست پێدەکات.

میکائیل عومەر ئەنوەر فەرماندەی فوجی 2 لیوای 2ى ھێزەکانی پێشمەرگە گوتى: ئێرە بنکەی ئسایشی شارۆچکەی دووبزە, ھەموو ئەوانەی لە سنوورەکانی داعشەوە لە میحوەری رۆژئاوای کەرکوک خۆیان رادەستی پێشمەرگە دەکەنەوە لێرە لێکۆڵینەوەی وردییان لەگەڵ دەکرێت, چونکە وەک ئەو بەرپرسەی ئاسایش گوتى زۆرجار داعش بە مەبەستی درووستکردنی شانەی نووستوو چەکدارەکانی لەگەڵ خێزانەکان دەنێرێت.

عەلی محەمەد ھادی بەڕێوبەری بنکەی ئاسایشی قەزای دووبز گوتى: بە پێی ئاماری ئاسایشی دووبز لە دوای ھاتنی داعش بۆ سنووری کەرکوک تا ئێستا زیاتر لە سێ هه‌زار خێزان لە میحوەری رۆژئاوای کەرکوکەوە   خۆیان رادەستی ھێزەکانی پێشمەرگە کردۆتەوە ژمارەکەش روو لە زیادبوونە.