پێشمهرگه بهشدارى له رزگاركردنى گوندى بهشيردا دهكات
کوردیش ئامادەی پیشانداوە لەگەڵ ھاوپەیمانان ئەو گوندە لە دەست داعش رزگار بكەن کە بووهتە مۆتەکەی حەشدی شەعبی، ھاوكات نوێنەری مەرجەعیەتی شیعەکان دەڵێت: کشانەوەی حەشدی شەعبی لەبەشیر پێویستی بەفەتوای عەلی سیستانی ھەیە.
K24 – ههولێر:
بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا ھێرشی کۆنترۆڵکردنەوەی گوندی بەشیر دەستپێبکات و فەرماندەیەکی پێشمەرگە رێکكەوتنێکی نوێ ئاشکرا دەکات کە بڕیارە ھێرشەکە بەبێ حەشدی شەعبی ئەنجامبدرێت، کوردیش ئامادەی پیشانداوە لەگەڵ ھاوپەیمانان ئەو گوندە لە دەست داعش رزگار بكەن کە بووهتە مۆتەکەی حەشدی شەعبی، ھاوكات نوێنەری مەرجەعیەتی شیعەکان دەڵێت: کشانەوەی حەشدی شەعبی لەبەشیر پێویستی بەفەتوای عەلی سیستانی ھەیە.
دواجار حەشدی شەعبی بڕیاری کشانەوەیان دا لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی گوندی بەشیر، بڕیاریشە ھێزەکانی پێشمەرگە و فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان ئەو گوندە لە دەست داعش رزگاربکەن.
فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووك، کەمال کەرکوکی باس لەوە دەکات ئەگەر خەڵکی سنوری ناحیەی تازە نەچونایەتە رێزی حەشدی شەعبی ئەوە دەمێک بوو گوندی بەشیر رزگار دەکرا لە داعش.
گوتيشى: تا ئێستا حەشدی شەعبی زیاتر لە 20 ھێرشی ئەنجامداوە بۆ گرتنەوەی گوندی بەشیر، بەڵام ھێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر داعش شکستی ھێناوە و ئێستاش سەرکردەکانی حەشدی شەعبی ھانایان بۆ پێشمەرگە ھێناوەو داوا دەکەن کە بەھەر شێوەیەک بێت ھاوکاریان بکات لە گرتنەوەی بەشیردا.
نوێنەری مەرجەعیەتی شیعەکان عەلی سیستانی لە ناحیەی تازە، قەحتانی یەعقوب دەڵێت: ئەو حەشدەی کە ھاتووهتە ناوچەکە لەسەر فەتوای مەرجەعیەت ھاتوون و بۆ کشانەوەشیان پێویستی بەفەتوای مەرجەعیەتە نەک کەسایەتیی سیاسی.
تا ئێستا حەشدی شەعبی بەشێوەیەکی فەرمی کشانەوەی خۆی رانەگەیاندووە لەشەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی گوندی بەشیردا، بەڵام فەرماندەکانی پێشمەرگە دەڵێن: حەشدی شەعبیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی تا ئەوان لەو سنورە بن ئەو گوندە رزگار ناکرێت، بۆیە بەناچاری و لەژێر فشاری جەماوەرەکەیان قایل دەبن لە کشانەوەی ھێزەکانیان لەو سنوورە.