رۆژنامەی ئیندیپێندێنت ئەمڕۆ دوا ژمارەی کاغەزینی چاپ کرد

K24-هەولێر

رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بەریتانیا، ئەمڕۆ شەممە، دوا ژمارەی کاغەزینی چاپ کرد و بڕیارە لەمەودوا رۆژنامەکە تەنیا لە سایتی فەرمیی خۆی رۆژانە بڵاو بکرێتەوە بەبێ چاپکردنی لەسەر کاغەز.

رۆژنامەی ئیندیپێندێنت دەڵێ هۆکاری ئەم بڕیارەی کەمبونەوەی فرۆشتنی چاپە کازەییەکەیەتی بەهۆی گەشەکردنی رۆژنامەوانیی ئەلیکترۆنیی.

رۆژنامەی ئیندیپێندێنت لە ساڵی 1986 یەکەم ژمارەی خۆی بڵاوکردەوە و یەکێک لە دیارترین رۆژنامەکانی بریتانیا بوو، بەڵام ئێستا فرۆشی رۆژانەی ئەم رۆژنامەیە کەمترە بە بەراورد لەگەڵ رۆژنامەکانی (زی سەن) و (تایمز) و (دەیڵی مەیڵ) و (زی گاردیان) و (تایمز) و (دەیڵی تەلیگراف) لە بریتانیا.

لە دوا ژمارەی کاغەزینی، رۆژنامەی ئیندیپێندێنت نووسیوێتی: "ئێمە ئەم گۆڕانکارییە بوێرانەیە" بەرەو رۆژنامەگەریی ئەلیکترۆنیی لەیاد ناکەین.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 1989 فرۆشی رۆژانەی رۆژنامەی ئیندیپێندێنت لە بەرزترین ئاستی گەشەکردنیدا بوو و رۆژانە رۆژنامەکە زیاتر لە 420 هەزار ژمارەی دەفرۆشت، بەڵام ئێستا فرۆشی رۆژانەی رۆژنامەکە بۆ نزیکەی 40 هەزار دابەزیوە.

ئا: ئا ، ف