بارزانى: سوپاسی ئەمەریکا دەکەین ئەگەر دژی سەربەخۆیی کوردستان نەوەستێتەوە

بارزانی رايگه‌ياند، فیدرالیزم لە عێراق شکستی ھێنا، چونکە ئەگەر ئەزموونی فیدرالی لە عێراق سەرکەوتوو بووایە لەوانەبوو بارودۆخەکە نەگەیشتبووایەتە ئەوەی داوای ریفراندۆم بکەین.

K24 - هه‌ولێر:

مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کاتی دەستکاریکردنەوەی  سنوورە دەستکردەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، چونکە سنوورە کۆنەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەنیا لە سەر نەخشە ماون و ئێستا واقیعێکی نوێ ھاتووەتە ئارا.

مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ نووسەر و گۆشەنووسی ناسراوی ئەمەریکی "ترودی روبن" لە رۆژنامەی "فلادلفیا ئینکوایرەر" رایدەگەیەنێت دەبێ خەڵکی ھەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، چونکە ناکرێت ئەو پەیوەندییەی ئێستای نێوان عێراق وھەرێمی کوردستان ھەتاھەتایە بەردەوام بێت.

پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەباشووری کوردستان لەناوخۆ و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بووه‌تە بابەتێکی گەرم، رووسیا رایگەیاندووە بڕیاری ریفراندۆم پرسێكی ناوخۆیی کوردستانه‌ و بڕیارەکەش ھەر دەبێت گەلی کورد بیدات، بارزانیش بە رۆژنامەوانه‌ ئەمریکییەکەی گوتووه‌: "ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدەین".

ئەمریکا کە ھەمیشە بەرگری لە یەکڕیزیی و مانەوەیی یەکپارچەیی عێراق دەکات، بەڵام بارزانی بەپێچەوانەوە داوا لە بەرپرسانی کۆسپی دەکات کە پشتگیریی لە ھەنگاوەکانی کورد بکات بەرەو سەربەخۆبوون و دەڵێت، سوپاسی ئەمەریکا دەکەین ئەگەر دژی سەربەخۆیی کوردستان نەوەستێتەوە و گوتیشی بۆ پرسی سەربەخۆیی، کورد  گفتوگۆ و دایەلۆگ لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دراوسێ دەکات.

کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی زۆربەی کات بە گومانەوە تەماشای ھەنگاوەکانی سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمی کوردستان كردووە، بەوەی پێیانوابووە ھەولێر ھەمیشە ھەوڵ بۆ سەربەخۆبوون دەدات و ئەمەش بەنزینی زیاتر بە ئاگرەکەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات، بەڵام بارزانی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی دڵنیا دەکاتەوە و دەڵێت: "کوردستانێکی سەربەخۆ دەبێتە فاکتەرێکی بەھێزی ئارامی وسەقامگیریی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست".

سەبارەت بە داھاتووی عێراقيش، بارزانی دەڵێت فیدرالیزم لە عێراق شکستی ھێنا، چونکە ئەگەر ئەزموونی فیدرالی لە عێراق سەرکەوتوو بووایە لەوانەبوو بارودۆخەکە نەگەیشتبووایەتە ئەوەی داوای ریفراندۆم بکەین.

سەربەخۆبوونی باشووری کوردستانیش، ھەمیشە وڵاتانی دراوسێی تۆقاندووە، چونکە پێیانوایە سەربەخۆبوونیی ھەرێمی کوردستان, ھانی پارچەکانی دیکەش دەدات, داوای سەربەخۆیی بکەن، بەڵام بارزانی لەوەڵامی ئەوەدا، دەڵێت: "ھەرپارچەیەکی کوردستان تایبەتمەندی خۆی ھەیە و ریفراندۆم تەنیا ستراتیژیەتی ھەرێمی کوردستانە".

ھەفتەی رابردوو، حکومەتی رووسیا رایگەیاند، ئەگەر گەلی سووریا فیدراڵیزم بە چارەسەری درێژخایەنی خۆیان دەزانن، ئەوا مۆسکۆش دژایەتی ناکات، بەڵام رۆژی شەممە، وەلید موعەلیمی وەزیری دەرەوەی سووریا، رایگەیاند دیمەشق بەھەموو شێوەیەك فیدڕاڵیەت لە سووریا رەتدەکاتەوە.

سەبارەت بە داھاتوو و مانەوەی یەکپارچەیی خاکی سووریا، بارزانی رایدەگەیەنێت دوای ئەو ھەموو خوێنڕشتنە ، زۆر زەحمەتە جارێکی دیکە سوریا بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە و ئەگەری ھەیە ببێتە وڵاتێکی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی.

لەبارەی دەستێوەردانی رووسیا لە سووریا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێیوایە، رەنگە دەستێوەردان لە سوریا بە قازانجی کورد بشکێتەوە و چەند رۆژێکيش لەمەوبەریش مۆسکۆ رایگەیاند کە فیدرالیزم چارەسەرێکی باشە بۆ سوریا و گوتی: "من پێموایە ئەمە ھەڵوێستێکی باشە، بەڵام دواجار خەڵکی سووریا خۆیان بڕیار دەدەن".

زیاتر لە مانگێکە دانووستانەکانی نێوان رژێمی ئەسەد و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ درێژەی ھەیە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت ئاکامی ئەو دانووستانانە چارەنووسی سووریا بەکوێ دەگەیەنێت.

 

بۆ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی كرته‌ لێره‌ بكه‌