دۆناڵد ترەمپ: ئەگەر سعوودییە لە شەڕی داعش بەشدار نەبێ هەڵوێستم دەبێ
"ئەگەر هەیە چیدیکە نەوتی سعوودییە نەکڕم"
K24-هەولێر
بەربژێری کۆمارییەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند ئەگەر سعوودییە لە شەڕی داعش بەشدار نەبێ هەڵوێستم دەبێ و ئەگەر هەیە چیدیکە نەوتی سعوودییە نەکڕم.
دۆناڵد ترەمپ کە بە رێژەیەکی بەرچاو لە پێشەوەی رکابەرەکانێتی لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی حزبی کۆماریی ئەمریکا بە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز-ی راشگەیاند: ئەگەر هەیە هاوردەکردنی نەوت لە سعوودییەوە رابگرم، ئەگەر ئەو وڵاتە بە سوپاکەیەوە لە شەڕی دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامییدا بەشدار نەبێ یاخود قەرەبووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەکات لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژی (داعش).
ئەم لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ، کە یەکێکە لە ملیاردێرە ناودارەکانی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێک هات لەبارەی ئاخۆ ئەگەر بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا کڕینی نەوت لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا رادەگرێ، ئەگەر ئەو وڵاتانە بە هێز بەشدار نەبوون لە شەڕی دژی داعش؟ ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "وەڵامەکە ئەگەر هەیە بەڵێ بێ".
بەربژێری کۆمارییەکانی ئەمریکا ئاماژەشی کرد کە: "پێویستە لەسەر ئەو وڵاتانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیانپارێزن هەقی ئەو پاراستنە بدەن"، و گوتی: "سعوودییە بەبێ ئێمە زۆر بەردەوام نابێ".
دۆناڵد ترەمپ کە لێدوانەکانی زۆرتر جێی مشتومڕن بە بەراورد لەگەڵ رکابەرەکانی، دەشڵێ: "من دژی ئەوە نابم ژاپۆن و کۆریای باشوور ببنە خاوەنی چەکی ناووکیی لە بڕی ئەوەی پشت بە بەرگریی ناووکیی ئەمریکاوە ببەستن بۆ خۆپارستن لە کۆریای باکوور و چین".
ئا: ئا ، ف