شنایدەر لەبەر تیرۆر نایەوێت زۆر لە ئیستەنبۆڵ بمێنێتەوە
تەقینەوەیەک لە نزیک ماڵی ئەو روویداوە
K24- هەولێر
وێسلی شنایدەر، یاریزانی یانەی گەلاتەسەرای تورکی بەهۆی تەقینەوەکانی ئەمدواییانەی ئیستەنبۆڵ، نایەوێت ماوەیەکی زۆر لە تورکیا بمێنێتەوە.
شنایدەر کە بەمدواییانە بووە خاوەنی دووەم منداڵ، لەبارەی ترسی لە تەقینەوەکانی ئەمدواییەی ئیستەنبۆڵ کە یەکێکیان لە نزیکی ماڵی ئەو روویدا، دەڵێت 'لە راستیدا من دەتوانم ئازا بم، بەڵام نامەوێت خێزانەکەم ئازاریان پێبگات، هەر لەبەر ئەمەشە زۆربەی کاتەکان لە دەرەوەی ترکیا دەمێنمەوە و نامەوێت زۆرترین کات بمێنمەوە'. هەروەها دەڵێت 'دوایین تەقینەوەی ئیستەنبۆڵ زۆر لە ماڵی منەوە دوور نەبوو، راستە ئێستا تیرۆر هەموو جیهانی تەنیوەتەوە و لەوانەیە هەموو کەسێک ئەگەری بەرکەوتنی بە تەقینەوە هەبێت، بەڵام لە هەندێک شوێنیش لێتەوە نزیکترە'.
لە ماوەی رابردوو لە ئەنقەرە و ئیستەنبۆڵ دوو تەقینەوە روویان دا و زیاتر لە 42 کەس کوژران، ئەمەش وای لە شنایدەر کردووە بیر لە جێهێشتنی یانەی گەلاتەسەرای تورکی بکاتەوە.