باشترین رێگە بۆ دابەزاندنی کێش بەبێ نەشتەرگەریی و دەرمان

ئێسک و مێشک بەهێز دەکات و تەمەنیش درێژ دەکات و لە نەخۆشییە مەترسیدارەکانیش دەتپارێزێ

K24-هەولێر

چارەی دەریای سپی ناوەڕاست، بەپێی پزیشکان باشترین رێگەیە بۆ دابەزاندنی کێش و دەستەبەرکردنی ژیانێکی تەندروست و پشتبەستن بە خواردنی تەندروست بەبێ پەنابردن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی و دەرمان.

بەپێی توێژینەوەیەک کە سایتی گامای پزیشکیی ئەنجامیداوە چارەی دەریای سپی ناوەڕاست دەبێتە هۆی پاراستن و بەهێزکردنی ئێسک و و تەمەنیش درێژ دەکات و ئەگەری توشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ و بەستانی لوولەکانی خوێن کەمتردەکاتەوە و کێشی مرۆڤ جێگیر دەکات.

دکتۆر واڵتەر وێڵیت مامۆستای بواری تەندروستیی گشتیی لە زانکۆی هارفارد دەڵێ: "سیستمی تەندروسیی ئێستای ئەمریکا، زۆر جار گوێ بە گرنگیی سیستمی خواردنی تەندروست بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان نادات، بۆیە باشتر وایە چارەی دەریای سپی ناوەڕاست و چارە هاوشێوەکانی بۆ خواردنی تەندروست لە چارەی پزیشکیی لە نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان پەیڕەو بکرێن بە ئامانجی باشترکردنی تەندروستیی تاکەکان و کەمکردنەوەی نەخۆشیی".

چارەی دەریای سپی ناوەڕاست، چارەیەکی ئاسانە و بریتییە لە پشتبەستن بە خواردنی:

سەوزە

سەوزەی هاوشێوەی برۆکلی (قەرنابیتی سەوز) کە ڤیتامینی زۆر لەخۆگرتووە.

زەیتی زەیتون

پزیشکان دەڵێن بەکارهێنانی زەیتی زەیتون لە بڕی زەیتی ئاسایی لە چێشتدا زۆر باشە و بەپێی توێژینەوەیەکی ئیسپانیی بەکارهێنانی زەیتی زەیتون (کە لە زەیتونی تەواو پێنەگەیشتوو دروستکراوە) دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بەستانی لوولە سەرەکییەکانی خوێن لەو مرۆڤانەی کە دەمێکە بەدەستی نەخۆشییەکانی دڵەوە دەناڵێنن.

دانەوێڵەی تەواو

کینوا یەکێکە لە جۆرەکانی دانەوێڵە کە پرۆتینی پێویستی تێدایە بۆ گەشەکردنی ماسوولکەکانی جەستەی مرۆڤ، بەڵام خواردنی دانەوێڵەی تەواوی هاوشێوەی گەنم و جۆ و برنجی بۆر هاوکار دەبێ لە دابەزاندنی کێش.

توو

تووی شین (بلوبێری) زۆر جار بە پارێزەر ناودەبرێ، چونکە سوودی زۆری هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە و چەوریی کۆڵسترۆڵ کەمدەکاتەوە، بەڵام لە راستیدا هەموو جۆرەکانی توو بە تووی سووریشەوە ماددەیەکی دژە لەناوچوونیان تێدایە و پڕن لە ڤیتامینی رێگر لە توشبوون بە نەخۆشییەکان.

چەرەزات

خواردنی چەند مشتێک چەرەزات لە هەفتەیەکدا یارمەتیدەر دەپێ لە پاراستنی مرۆڤ لە توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، بەتایبەت بادەم (باوی) کە چەوریی بە سوودی تێدایە.

ماسیی سەلەمون

ماسیی سەلەمون سەرچاوەیەکی باشە بۆ جۆرێک لە پرۆتین کە چەوریی تێدا نییە، پزیشکان دەڵێن خواردنی ماسیی بەلانی کەم دووجار لە هەفتەیەکدا ئەگەر مرۆڤ چارەی دەریای سپی ناوەڕاست پەیڕەو بکات، چونکە سەلەمون بڕێکی زۆری چەوریی ئۆمیگا سێی تێدایە کە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە.

پاقلەمەنییەکان

مرۆڤ چەندە دانەوێڵە زیاتر بخوات زیاتر کێشی دادەبەزێ و دانەوێڵە پڕە لە پرۆتینی بەسوود (نا تێر) و ریشاڵەکان و ماسوولکەکانیش بەهێز دەکات.

Fly Erbil Advertisment