بەھۆی شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا 100 گوندی باشووری كوردستان چۆڵ دەكرێن
"پێنج جار فڕۆكەكان بۆردومانی ناو گوندەكەیان كردووە"
K24 - سۆران:
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی سیدەكان، بەھۆی شەڕی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان و بۆردومان و تۆپبارانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە، تا ئێستا100 گوندی سەر بە شارەدێی سیدەكان چۆڵ كراون.
لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) كاروان كه‌ریم خان، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سیده‌كان رایگەیاند: "بەھۆی شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا و بۆردومان و تۆتبارانكردنی ناوچە سنوورییە لە لایەن توركیا، تا ئێستا تا ئێستا100 گوندی سنووری شارەدێی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆران، لە باشووری كوردستان چۆڵ كراون".
گوتیشی: "لایەنی پەیوەندیدار و سەروی خۆمان لەو گرفتە ئاگاداركردوەتەوە، بەڵام چونكە خۆمان پەیوەندی فەرمیمان لەگەڵ پەكەكە نییە، بۆیە ناچارین لە رێگەی ھاووڵاتیانەوە قسە لەگەڵ پەكەكە بكرێت، نزیكی ناوچە مەدەنییەكان و گوندەكان نەكەونەوە بۆ ئەوەی رووداوی نەخوازراوی لێ روونەدات".
ھاووڵاتیەكی گوندنشین لە سنووری شارەدێی سیدەكان بە ناوی گوڵ عه‌لی، بە (كوردستان24)ی گوت: "تا ئێستا پێنج جار فڕۆكەكان بۆردومانی ناو گوندەكەیان كردووە و بەو ھۆیەوە كەسێك بەناوی مام سلێمان لە گوندەكەمان گیانی لە دەستداوە، جگە لەوەش مەڕ و ماڵاتمان لە ناوچووە و دوازدە جار گوندەكەمان چۆڵكردووە".
زوبێر ئه‌حمه‌د، یەكێكی دیكەیە لە گوندنشینەكانی ناوچەی سیدەكان گوتی: "داوامان لە پەكەكە ئەوەیە لە گوند دووربكەونەوە، كێشەمان لەگەڵیان نییە ئەوانیش وەك ئێمە كوردن، بەڵام پێویستە لە ناو خەڵك دوور بكەونەوە".
ئەوان دێنە ناو گوند و فڕۆكەكانی توركیاش بۆردومان دەكەن، ئەوە قسەی پیاوێكی گوندنشینە بە ناوی ساڵح ئه‌حمه‌د، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: "كە ئەوە لە گوندەكان روودەدات ژن و منداڵ دەترسن و ناچار گوند چۆڵ دەكرێن".
تیمی رۆژنامەوانی (كوردستان24) بۆ وه‌رگرتنی بۆچوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) سه‌ردانی یه‌كێك له‌بازگه‌كانی په‌كه‌كەیان كرد، به‌ڵام به‌هۆی بوونی فرۆكه‌ی چاودێری له ئاسمانی ناوچه‌كەوە هیچ به‌رپرسێكی په‌كه‌كه ئاماده نه‌بوو لێدوان بدات.
شاره‌دێی سیده‌كان ده‌كه‌وێته باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی پارێزگای هه‌ولێر و سێگۆشه‌ی سنووری ده‌ست كردی نێوان باشوور و رۆژهه‌ڵات و باكووری كوردستان، ده‌ڤه‌ره‌كه له 250 گوند لە پێكدێت، لە چەند ساڵی رابردوودا بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیا و بۆردومان و تۆپباران، زیانی گیانی و ماڵی بەر ھاووڵاتیانی ناوچەكە كەوتووە.