لە ژاپۆن چەتاڵێك دروستدەكرێت ھەستی تامكردن دەوروژێنێت

"ئەم چەتاڵە تامی خوێ دەبەخشێت و وا دەكات خوێ كەمبكەیتەوە"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/78b1b6d3-5fb9-44e3-be66-972e950f1cfb/Soft-changal-kamkrdnaway%20xwe.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

ئەم ھەواڵە مژدەیەكی خۆشە بۆ ئەوانەی نەخۆشی دڵ و پاڵەپەستۆی خوێنیان ھەیە و ناتوانن بەسەر ئارەزوویاندا زاڵبن و خوێ كەمبكەنەوە لە ژەمەكانیاندا.

ژمارەیەك توێژەرەوەی ژاپۆنی لە ماوەی 6 ساڵدا ئامێرێكیان دروستكردووە ھەست و تامی خوێ بە مرۆڤ دەبەخشێت، ھەروەھا ئەم داھێنانە وا دەكات ئەوانەی خوێ لە خواردنەكانیاندا بەكارناھێنن، ھەست بەھەمان چێژی خوێ بكەن.

ھیرۆمی ناكامورا داھێنەری چەتاڵی ئەلیكترۆنی دەڵێت: "لە كاتی بەكارھێنانی چەتاڵەكە، پێویستت بە خوێ نییە، چونكە چەتاڵەكە تامی خوێت پێدەبەخشێت، ئێمە دەستكردانە ئەو ھەستە لای مرۆڤەكە دروستدەكەین وەك ئەوە وابێت خوێی خواردبێت، ئەم توێژینەوەمان لە 2010 دا دەستپێكردووە، بەھێواشی كارمان لەسەری كرد تا گەیشتینە ئەم ئەنجامە".

شۆو تانجی ڕۆژنامەنووس گوتی: "من زۆر سەرم سوڕماوە چۆن تامی خواردنەكە بەم چەتاڵەوە بەمشێوەیە  گۆڕاوە، پێش پێكردنی ئامێرەكە خواردنەكە بێخوێ بوو، بەڵام ئێستا خوێی تەواوە، بۆیە ئێستا دەتوانین تام لە خواردنەكە بكەین".

 ئەو داھێنانە چارەسەرییەكی زۆر گونجاوە بۆ ئەوانەوەی دەیانەوێ خوێ لە ژەمەكانیان كەم بكەنەوە و لە ھەمان كاتدا چێژ لە خواردنەكانیان وەربگرن، لێكۆڵەرەوان مژدەدەبەخشن، لە داھاتوودا تامی ترش و تیژ و چەندانی دیكە لە داھێنانێكی ھاوشێوەدا دروست بكەن.