ئێران داوا دەكات ئەرمینیا و ئازەربایجان بەپەلە ئاگربەست رابگەیەنن
لە شەڕی نێوان ئەرمینیا و كۆماری ئازەربایجان لەسەر ناوچەی ناگۆڕۆ قەرەباخ ھاوەنێك لەناو خاكی ئێران كەوتووە، ئێرانیش داوا دەكات بە پەلە ئاگربەست رابگەیەنن.
K24 – ههولێر:
لە شەڕی نێوان ئەرمینیا و كۆماری ئازەربایجان لەسەر ناوچەی ناگۆڕۆ قەرەباخ ھاوەنێك لەناو خاكی ئێران كەوتووە، ئێرانیش داوا دەكات بە پەلە ئاگربەست رابگەیەنن. كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ھەردوو وڵاتی ئەرمینیا و كۆماری ئازەربایجان دراوسێیە،و ناكۆكی ئەوان كاریگەری لەسەر ئێران دەبێت.
ئەوە پریشكی شەڕی دوو دراوسێیە، كە بەر ئێرانیش كەوتووە. ھاوەنێكی وێڵەكی شەڕی نێوان كۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا به گوندێكی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژھەڵاتی ئێران كەوت، ئەگەرچی قوربانی گیانی نەبوو، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی تووڕە كردووە، داوای ئاگربەستی بەپەلە دەكەن.
ئەوە چوار رۆژە ئەرمینیا و كۆماری ئازەربایجان لەسەر پرسە كۆنەكەیان شەڕێكی نوێیان دەستپێكردووهتەوە، تاكوو ئێستاش لەھەردوولا زیاتر لە 30 كەس كوژراون. ئەگەرچی لەدوێنێ یەكشەممەوە ئاگربەست راگەیاندراوە، بەڵام ئەرمینییەكان دەڵێن تەقەی ئازەربایجانییەكان تاكوو ئێستاش نەوەستاوە.
قەرەباغ ئۆتۆنۆمییەكی ئیدارییە، كە ئێستا لەناو كۆماری ئازەربایجان ھەڵكەوتووە، و زۆرینەی خەڵكەكەی ئەرمەنین. لەدوای روخانی یەكێتی سۆڤییەت ئەرمنییەكانی قەرەباغ داوای گەڕانەوەیان بۆ ناو ئەرمینیا دەكەن، تاكوو ئێستاش لەسەر قسەی خۆیان سوورن.
ئێران و كۆماری ئازەربایجان 759 كیلۆمەتر سنووری ھاوبەشیان ھەیە، بەدرێژایی ھەردوولای سنوورەكەش ئازەرییەكان نیشتەجێن، ھەربۆیەش ھەردوولا خۆیان بەخاوەنی ئازەربایجانی بەرامبەر دەزانن.
ھاوكات ئێران 48 كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئەرمینیا ھەیە، بەچۆمی ئاراس جیاكراوەتەوە، دیوی ئەرمینیا ئەرمەنی و كوردی لێن و دیوەكەی دیكەشی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژھەڵاتی ئێرانە.
لەسەرەتای شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئێران بێ لایەنی ھەڵبژارد، بەڵام ئەوكات حەیدەر عەلیۆڤ نهخشهى ئازەربایجانی گەورەی بڵاوكردەوە، كە بەشێك لەئێرانی لەخۆی دەگرت،و لەو كاتەوە ئازەربایجانی رۆژھەڵاتی ئێران بە بەشێك لە ئازەربایجانی گەورە دەزانێت،و ھاوكات سنوورەكانیشی لەدەریای قەزوێن بەرینتر كرد، ئەوە وایكرد كە ئێران لەئەرمینیا نزیك ببێتەوە.
ئێستا ناكۆكییەكانی ناوچە بەشی دەستێوەردانی بەربڵاوو ئاشكرای بۆ كەس لە شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجاندا نەھێشتووهتەوە، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران دەزانێ بەردەوامبوونی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە كاریگەری لەسەر كورد و ئازەرییەكانی ئێران دادەنێت.