عەممار حەكیم پرۆژه‌یه‌كی نوێ ده‌خاته‌ڕوو

ناوه‌ڕۆكی پرۆژه‌كه‌ لێره‌دا بخوێنه‌وه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/ac4c1545-9521-475d-a16d-a2b1b5ead4ed/hakim%20peshniar.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

قەیرانەكانی عێراق بەردەوامی ھەیە و تا دێت ژمارەی پرۆژەكانیش بۆ تێپەڕاندنی دۆخی قەیراناوی عێراق زیاتر دەبێت.

لە تازەترین پێشھاتیشدا عەمار حەكیمی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق كە لە ھەمان كاتدا یەكێكە لە دیارترین سەركردەكانی ناو گۆڕەپانی سیاسی عێراق، پرۆژەیەكی چاكسازی داوەتە سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

حەكیم لە پرۆژەكەیدا پێشنیازی ئەوەی كردووە كە فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی عێراق خۆیان وەزیرەكانیان لە حكوومەتە تەكنۆكراتەكەی عەبادی دا دیاری بكەن و ماوەی 90 ڕۆژیش وەك مۆڵەت بدرێتە عەبادی تا چاكسازی ئەنجامبدات.

پرۆژەكەی حەكیم چەندین پێشنیارێكی دیكەش لەخۆ دەگرێت كە گرنگترینیان درووستكردنی ئەنجوومەنێكی ئاسایشی نیشتیمانییە لە عێراق كە ھەر یەكە لە (سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی  عێراق و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریش تیایدا ئەندام بن

حەكیم داواشی كردووە ھەر یەكە لە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و عەبادی و سەدر و نوری مالیکی ، ،ئەیاد عەلاوی، ئیبراهیم جەعفەری ،  ئوسامە نوجەیفی ، ساڵح موتلەگ و هادی عامری و عەمار حەکیم خۆیشی تیایدا ئەندام بێت)

حەكیم لە پرۆژەكەیدا دەڵێت پێویستە ئەو ئەنجوومەنە مانگانە كۆببێتەوە و تاوتوێی هەنگاو و بڕیارە باڵاو ستراتیژییەکانی حکومەت بکات، رێڕەوی چاکسازییەکان هەڵبسەنگێنێت و کێشە سیاسییەکان چارەسە بکات.

لە كۆتایی پرۆژەكەشی دا حەكیم پێشنیازی ئەوەی كردووە كە ئەگەر نەتوانرا پێشنیازەکەی وەک نەخشەرێگا جێبەجێبکرێت، تەواوی کابینەکەی حکومەت بگۆڕدرێت، بە سەرۆکوەزیرانیشەوە و، حکومەتێکی تەکنۆکرات دابمەزرێت بەجۆرێك كە هاوسەنگی نیشتمانی بپارێزرێت، فراکسیۆنێکی پەرلەمانی نیشتمانی پێکبهێنریت، کە لەسەرجەم فراکسیۆنەکان پێکبێت بۆ  پاڵپشتیکردن لە حکومەتی تەکنۆکرات هەروەها. لەماوەی 30 رۆژدا حکومەت پێکبێت و پەرلەمان پەسەند بکات.

ئەم ھەنگاوەی حەكیم دوای ئەوە ھات كە لە ماوەی ڕابردوو دا ھەر یەكە لە فراكسیۆنە كوردستانییەكانی بەغدا و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و دەوڵەتی یاسا و بەشێك لە سووننەكانیش تێبینی و ناڕەزایی خۆیان لەبارەی پێكھاتەی پێشنیاركراوی عەبادی دەربڕی.