گۆڕان: پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە ئیستحقاقی خۆمان دەزانین

"نەمانویست كێشە لە سێلمانی دروست بێتەوە"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/4cc82341-eb3c-4eb7-be76-a1889b95469e/ynk%20u%20goran%20parezgari%20slemani.ism/manifest

 K24- سلێمانی:

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە گۆڕان رایگەیاند، پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە ئیستحقاقی خۆمان دەزانین، بۆ ئەوەی كێشە لە سلێمانی دروست نەبێت بە دوو ساڵ رازی بووین.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) غالب محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە گۆڕان رایگەیاند: "پۆستی پارێزگاری سلێمانی ئیستحقاقی خۆمان دەزانین، ھەر چوار ساڵ بە ئیستحقاقی خۆمان دەزانی، لەبەر ئەوەی پشێوی لە پارێزگای سلێمانی دروست نەبێت، گۆڕانمان كرد بە قوربانی ئەو پارێزگایە و نەمانویست جارێكی دیكە كێشە لە سێلمانی دروست بێتەوە، بۆیە بەوە رازی بووین دوو ساڵ بە دوو ساڵ پۆستەكە ئاڵوگۆڕ بكرێت".

بەپێی بڕگەیه كی ئەو رێككەوتننامەیەی نێوان گۆڕان و یەكێی، ده بیت هه رلایه كیان ساڵێك وهه شت مانگ پۆستی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجه یان بەرێوەببەن، رێككه وتنەوتنەكەش لەسەر ئەو بنەمایە كراوە لە 30/4/2018، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێتەوە.

لەو بارەوە رزگارحەمە فەرەج، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەنگمان لەسەر خاڵ بە خاڵی رێكەوتنامەكەداوە، لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە لە ماوەی دوو ساڵدا ئاڵۆگۆڕی لە نێوان پۆستەكانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بكەین".

دانا جە زا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "بەپێی ئەو رێككەوتننامە بێت لە چەند مانگی داھاتوودا دەبێ ئاڵوگۆڕی لە نێوان پۆستەكاندا بكرێت بە تایبەتی پۆستی پارێزگار سلێمانی دەبێ بدرێت بە گۆڕان، بەڵام بە بۆچوونی خۆم باوەڕناكەم ئەو ئاڵۆگۆڕییە بكرێت، لەو كاتەدا شتێكی بۆ دەدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ئەم واقعە وەك خۆی بمێنێتەوە تا كاتێكی دیكە".

لە 11/12/2014، یەكێتی نییشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستە ئیدارییەكانی سنووری ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە رێككەوتن، بەگوێرەی رێككەوتنی نێوانیان لە كاتی تێپەڕبوونی دوو ساڵی یەكەم ئاڵوگۆڕی لە پۆستەكان دەكەن، بەمەش دەبێ لە چەند مانگی داھاتوودا پۆستی پارێزگاری سلێمانی بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان.