زۆرترین سزای لە سێدارەدان لە ئێران و سعوودیه و پاكستان جێبەجێكراوە
" ئێران 977 كەسی لە سێدارەداوە"
K24 - ھەولێر:
رێكخراوی لێبورنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ژمارەی سزای لە سێدارەدانەكان بەراورد بە 25 ساڵی رابردوو زیادی كردووە و 90% ی لە سێدارەكانیش لە وڵاتانی ئێران و سعوودیه و پاكستان جێبەجێكراون.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئێمنستی ئینتەرناشناڵ) ئاماری سزای لە سێدارەدانی ساڵی 2015ی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "ژمارەی لە سێدارەدانەكان بۆ ساڵی رابردوو ھەزار و 634 كەس بووە و بەراورد بە پار 50% زیادی كردووە".
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە: "زۆر وڵات ھەن، كە زانیاری لە بارەی لە سێدارەدراوان بڵاوناكەنەوە، بەڵام گومان لەوەدا نییە، كە چین یەكەمین وڵاتە لە سێدارەدانی ئەنجامدابێت. لە وڵاتە تۆماركراوەكانیش، لە ئێران 977 كەسی لە سێدارەداوە، ھەر وەھا لە وڵاتی سعوودیە 158 كەس لە سێدارە دراون، كۆی ژمارەی لە سێدارەكانی ئەم سێ وڵاتە 90%ی لە سێدارەدان لەسەر ئاستی جیھان پێكدەھێنن".
بە گوێرەی ئەو ئامارە: "ھەر یەك لە وڵاتانی ئێران، سعوودیە، پاكستان، لەسەر ئاستی جیھان زۆرترین سزای لە سێدارەدانیان بەسەر ھاووڵاتیان جێبەجێكردووە، ئەوە خراوەتەڕوو كە وڵاتی چین لە پلەی یەكەمە لە سزادانی سێدارە بەسەر ھاووڵاتیان، بەڵام بەڵگەكانی بە نھێنی ھێشتووەتەوە".
ھەرچەندە ئێمنستی ئێنتەرناشناڵ زیاتر پشت بە زانیارییە تۆماركراوەكان دەبەستێت، بەڵام لە ھەمان كات نیگەرانی خۆیانیان لە كردەوەكانی وڵاتانی ئێران و سعوودیە پاكستان نیشانداووە، بەوەی لە رووبەڕوو بوونەوەی بەرھەڵستكارەكانیان توندوتیژی و كوشتن و كوشتنی بە كۆمەڵ بە بیانووی شەڕی تیرۆر بەكار دەھێنن.