خشته‌ی یارییه‌كانی پاڵه‌وانییه‌تیی كۆنیفا دیاریی كرا
هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان یه‌كه‌مین یاریی خۆی له به‌رانبه‌ر سكیزیلاند ئه‌نجام ده‌دات
هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كوردستان له ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ به‌شداریی له پاڵه‌وانییه‌تیی كۆنیفا ده‌كات كه تایبه‌ته به نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان، رۆژی هه‌ینی ڕابردووش له وڵاتی سوید كه باره‌گای رێكخراوه‌كه‌ی لێیه تیروپشك بۆ هه‌ڵبژارده به‌شداربووه‌كانی وڵاته‌كه كرا و هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كوردستان كه‌وته كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م و شانبه‌شانی (سكیزیلاند و كۆریای یه‌كگرتوو).
به‌پێی ئه‌م زانیارییانه‌ی له ماڵپه‌ری فه‌رمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستاندا هاتووه، هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كوردستان یه‌كه‌مین یاریی خۆی له رۆژی 30/5/2016 له كات 8:00ـی شه‌و به كاتی كوردستان له به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی سكیزیلاند ده‌بێت.
ڕاسته‌وخۆ رۆژی دوای ئه‌م یارییه دووه‌مین یاریی خۆی له به‌رانبه‌ر كۆریای یه‌كگرتوو له هه‌مان كات ئه‌نجام ده‌دات.
بڕیاره رۆژی 28/5/2016 به فه‌رمی یارییه‌كانی پاڵه‌وانییه‌تیی كۆنیفای 2016 له هه‌رێمی ئه‌بخازیای سه‌ر به وڵاتی رووسیا به‌ڕێوه بچێت، یاریی كۆتایی پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه‌یش له 5/6/2016 ده‌بێت.