ترەمپ: هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، شەوی رابردوو بڕێکی پێوانەیی نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە کە تەنانەت لە ئاستی پێش هەڵگیرسانی جەنگیش بەرزترە. هاوکات ستایشی دۆخی ئابووریی ئەمریکای کرد و جەختی کردەوە، ئێستا نرخی نەوت لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن هەرزانترە و رێژەی هەژاریش گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە مێژووی وڵاتەکەیدا.
یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان سەرنجی خستە سەر بارودۆخی کەنداو و هێڵەکانی هەناردەکردنی وزە و رایگەیاند: "شەوی رابردوو بڕێکی پێوانەییمان لە نەوت لە گەرووی هورمزەوە رەوانەی دەرەوە کرد، کە زۆر زیاتر بوو لەو بڕەی پێش هەڵگیرسانی جەنگ دەردەهێنرا." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیی شکاندنی گەمارۆکانی سەر هێڵی کەشتیوانی.
ترەمپ ئاماژەی بە دابەزینی نرخی سووتەمەنی بۆ بەکاربەران کرد و گوتی: "نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیون، و دەبێت یەک شتتان لەیاد بێت؛ ئێستا نەوت زۆر هەرزانترە بە بەراورد بەوەی لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدندا هەبوو."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باس لە گەشەی ئابووریی ناوخۆیی ئەمریکا کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ ژمارەی ئەو کەسانەی کار دەکەن لە هەموو کاتێکی دیکەی مێژووی وڵاتەکەمان زیاترە. هەروەها باشترین ئاماری هەژاریمان بەدەستهێناوە؛ بە واتایەکی دیکە، ئێستا کەمترین رێژەی هەژاری لە ئەمریکادا تۆمارکراوە بەراورد بە تەواوی مێژووی ئەم وڵاتە."