له 3 مانگی داهاتوو ژمارهیهك حزبی ههرێمی كوردستان كۆنگره دهبهستن
ههندێكیش رهخنه له خزبهكانییان دهگرن
K24 - ههولێر:
لە ماوەی سێ مانگی داھاتوودا ھەریەکە لە حزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان کۆنگرەی حزبەکانیان ئەنجام دەدەن، گلەیی ئەوەش لەو لایەنانە دەکرێت، کە وادەی کۆنگرەی حزبەکەیان بەسەرچووە و بارودۆخی ناوەخۆی کوردستانیان کردووەتە پاساو بۆ ئەوەی کۆنگرە ئەنجام نەدەن.
دوو حزبی ئیسلامی و یەک حزبی چەپی مارکسی لە ھەرێمی کوردستان، کەمتر لە سێ مانگی دیکە کۆنگرەی حزبەکەیان دەبەستن، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان تا ئێستا تەواوی سەرکردایەتیەکەی ھاورایە کۆنگرە لە مانگی پێنج ئەنجام بدەن، وەکو جاران گەرەکیانە رێژەی ژنان لە پاڵ ئەوانیشدا گەنجان بۆ سەرکردایەتی حزبەکەیان سەر بخەن.
حزبی شیوعی کوردستان لە کاتێکدا کۆنگرەی حزبەکەی دەبەستێت، کە رۆژ دوای رۆژ ئەندام لایەنگریان کەمدەکات، ئەمجارە سەرکردایەتیەکەی دەیەوێت فۆرماتێکی تازە و بەرگێکی نوێ بکاتە بەر حزبەکەی، لەسەر سیاسیەتە کۆنەکەیان بەردەوام دەبن و جێبەجێکاری سیاسەتەکەش خەڵکانێک دەبن کە تا ئێستا سەرکردایەتیان نەبینیوە.
ھەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وادەی ئەنجامدانی کۆنگرەیان بەسەر چووە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوای کۆنگرەی ساڵی ١٩٩١ تەنھا یەک پلینیۆمی ئەنجامداوە ئەویش دوای راگەیاندنی لیستی جیا لە لایەن گۆرانەوە بۆ ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ و لەو کاتەوە یەکێتی بەھۆی کێشە نێوخۆیەکانی نەیتوانی کۆنگرەی حزبەکەی ئەنجام بدات.