پەنابەرانی یۆنان ناڕەزایی لە دژی ناردنەوەیان بۆ توركیا دەردەبڕن
زانیارییان نەبووە لەبارەی چارەنووسیان و بڕیارەكەی یەكێتی ئەوروپا سەبارەت بەناردنەوەی پەنابەران
K24 - ههولێر:
پەنابەرانی كەمپی ئایدۆمینی سەر سنوری یۆنان – مەكدۆنیا، لە خۆپێشاندانێكدا رایانگهیاند، زانیارییان نەبووە لەبارەی چارەنووسیان و بڕیارەكەی یەكێتی ئەوروپا سەبارەت بەناردنەوەی پەنابەران.
داواشیان كرد وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەروازەی سنوورییان لێبكەنەوە.
ھاوكات پەنابەران لە كەمپی لیسبۆس، بەشێوەیەكی جیاوازتر دژی بڕیاری ناردنەوەیان وەستانەوە، پەنابەرێكی پاكستانی لەڕێگەی خۆھەڵواسین ھەڕەشەی كرد ژیانی خۆی كۆتایی پێبێنێت.
پەنابەران لە كەمپی مۆریا رەخنەیان گرت و رایانگهیاند، لەبەرچی جیاوازی دەكرێت لە نێوان پەنابەراندا.
نزیكەی 3 ھەزار كەس لە كەمپی مۆریای دوورگەی لیسبۆس دان و داوا دەكەن ڕێگەیان پێبدرێت داوای پەنابەری بكەن.
بەگوێرەی ڕێككەوتنێكی نێوان یەكێتی ئەوڕوپا و توركیا، ئەو پەنابەرەی لە دوای 20 ئاداردا دەگاتە خاكی یۆنان، بۆ توركیا ڕەوانە دەكرێتەوە.