نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و توركیا گرنگی خۆیان ھەیە

توركیا: لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی ھاوكاری ھەرێمی كوردستان دەكەین

K24 - ھەولێر:

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا گرنگی خۆیان ھەیە، بەردەوام لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی پەیوەندیی باشترمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ھەبێت.

ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە: "ئێوارەی دوێنێ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە شاری ئیستەنبوڵ لە توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمار و ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆبووەتەوە، باسیان لە رەوشی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە كردووە".

بە گوێرەی ھەواڵی ماڵپەرەكە، لەو دیدارەدا لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوولادا نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاندووە: " پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا گرنگیی خۆیان هەیە و هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا هەبێت".

ھەر لەو دیدارەدا سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی توركیا: "ئاماژەیان بەوەداوە كە پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا هەیە و دەكرێت پتەوتر بكرێن و ئێستا ئەوان لێكۆڵینەوە لەوە دەكەن چۆن بتوانن بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن".

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا: "باس لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و ئامادەكارییەكانی پرۆسەی ئازادكرنەوەی مووسڵ لە دەستی تیرۆركرا، هەروەك پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و پێكهاتەی نوێی حكوومەتی عێراقی فیدرال، خرانە بەر باس و گفتوگۆ".