ئەمریكا فشار دەخاتە سەر ھەرێم بۆ مانەوە لەگەڵ عێراق
لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا، ئەمریکا ھەوڵ و فشارەکانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و بارزانی چڕتر كردووەتەوە بۆ پابەندبوون بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی عێراق
K24 – ھەولێر:
جارێکی دیکە کۆشکی سپی ھەوڵەکانی خستووەتەوە گەڕ بۆ فشارخستە سەر سەرکردایەتی کورد لەگەڵ حکوومەتی عێراقی نزیک ببنەوە و پارێزگاری لە عێراقێکی یەکگرتوو بکەن.
لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا، ئەمریکا ھەوڵ و فشارەکانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و بارزانی چڕتر كردووەتەوە بۆ پابەندبوون بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی عێراق و پشتگیرییکردنی کورد لە گۆڕانکارییەکانی کابینەکەی عەبادی.
جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: " دەمەوێت پشتگیریی سەرۆک ئۆباما و جۆ بایدن و تەواوی ئیدارەی ئەمریکا بۆ سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی و حکوومەتی عێراقی دووپات بکەمەوە و ئەوە لەبەرژەوەندی ئێمەیە کە حکوومەتێک و وڵاتێکی یەکگرتوو ببینین".
پاشان بەھەمان شێوە برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانێتی نێودەڵەتی بۆ شەڕ داعش، لە پیرمام لەگەڵ مسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و ھەمان پەیامی گەیاندە بارزانی کە پێویستە کورد ھەر لەگەڵ عێراق بڕ بکات.
دوێنێ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی پەیوەندی بە بارزانی کرد و داوای لێکرد ھەماھەنگی لەنێوان ھەولێر و بەغدا زیاتر بکەن، تا جارێکی دیکە عێراق لەدەست قەیرانەکان دەرباز بکەن.
مەحمود عوسمان, سیاسەتمەداری کورد تایبەت بە(كوردستان24) راگەیاند: "واشنتن ھەمیشە فشاری خستووەتە سەر کورد لەگەڵ بەغدا بمێنێتەوە و ھیچ کات فشاری لەسەر لەسەر بەغدا نەکردووە بۆ مەسەلەی کورد".
نزیکەی 8 ساڵە، ئۆباما لە ھەوڵدایە بۆ نزیککردنەوەی ھەولێر و بەغدا، بەڵام تا ئێستا بێ ئەنجام بووە، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، لە ھەشت مانگی کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتیدا، ئایا ئۆباما دەتوانێ ئەو ئامانجەی ھەشتە ساڵیەی بەدەست بێنێت.