مه‌سرور بارزانی: بۆ جیابوونه‌وه پێویسته ئه‌زموونی چیك و سلۆڤاكیا له‌به‌رچاو بگرین
ئه‌و نا سه‌قامگیر و توندوتیژیانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، به‌ره‌نجامی هه‌ڵه‌یه‌كه، كه پێش سه‌د ساڵ بێ پرسكردن به خه‌ڵكی ناوچه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌ورووپاوه رێككه‌وتنێك بۆ داڕشتنی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه مۆركراوه.
K24 – هه‌ولێر:
راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان، له ميانى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ جێگرى وه‌زيرى ناوخۆى كۆمارى چيك رايگه‌ياند، پێویسته هاوكاری و یارمه‌تیدانی پێشمه‌رگه ئه‌وله‌ویه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێت و گوتيشى: بۆ جيابوونهوه پێویسته ئه‌زموونی چیك و سلۆڤاكیا له‌به‌رچاو بگرین.
ئه‌مڕۆ 14/4/2016 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی پێشوازیكردنی له (جیری نۆڤاچهك) جێگری وه‌زیری ناوخۆی كۆماری چیك و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، ئه‌و نا سه‌قامگیر و توندوتیژیانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، به‌ره‌نجامی هه‌ڵه‌یه‌كه، كه پێش سه‌د ساڵ بێ پرسكردن به خه‌ڵكی ناوچه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌ورووپاوه رێككه‌وتنێك بۆ داڕشتنی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه مۆركراوه.
له دیدارێكدا، كه به ئاماده‌بوونی (ئیڤا دراداكۆڤا) كونسوڵی گشتی كۆماری چیك له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، مه‌سرور بارزانی وێڕای سوپاسكردنی حكوومه‌تی كۆماری چیك بۆ هاوكاری و پشتیوانییه‌كانی له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه رایگه‌یاند، پێویسته هاوكاری و یارمه‌تیدانی پێشمه‌رگه ئه‌وله‌ویه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێت.
له‌به‌رامبه‌ردا جێگری وه‌زیری ناوخۆی كۆماری چیك دووپاتی له به‌رده‌وامبوونی پشتیوانییه‌كان كرده‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه ئه‌وان له ئه‌ركی قورس و پێداویستیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ن و حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی هه‌وڵده‌دات رێگه‌ی زیاتركردن و خێراتركردنی دابینكردنی پێویستییه‌كان بۆ پێشمه‌رگه بدۆزێته‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له په‌یوه‌ندی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كرا، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆچوونی هه‌رێمی كوردستانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان روونكرده‌وه و ئاماژه‌ی به ئه‌زموونی ئاشتیانه‌ی پرۆسه‌ی لێكجیابوونه‌وه‌ی چیك و سلۆڤاكیا كرد، كه پێویسته له‌به‌ر چاو بگرین و ئاماده‌ی هه‌رێمی كوردستانی بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانی دیكه ده‌ربڕی.

.jpg)

