رۆژنامهكانی ئێران: فهڕهنسا بەڵێنی داوە چەك بۆ كورد بنێرێت
فهرهنسا: داعش گازی كلۆری له دژی پێشمهرگه بهكارهێناوه
K24 - ههولێر:
رۆژنامەكانی رۆژی پێنجشەممەی چاپی تاران جگە لە بابەتە ناوخۆییەكانی ئێران، كۆمەڵێك بابەتی نێودەوڵەتییشیان لە خۆیان گرتووە. سەردانی وەزیری بەرگری فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان یەكێك لەو بابەتانەیە.
رۆژنامەی ئەبرار نووسیویەتی: "وەزیری بەرگریی فەرەنسا لە سەردانی بۆ هەولێر پشتڕاستی كردووەتەوە داعش دژی هێزەكانی پێشمەرگە چەكی كیمیاویی بەكار هێناوە. وەزیری بەرگریی فەرەنسا چاوی بە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەوتووە و بەڵێنی داوە چەك و كەرستەی جەنگیی بۆ كوردەكان بنێرێت. پسپۆرێكی سەربازیی فەرەنساش كە پێشمەرگەكان رادەهێنێت, گوتوویەتی داعش دوای بەكار هێنانی گازی كلۆر گازی خەردەلیشی دەژ بە پێشمەرگە بەكار هێناوە".
رۆژنامەی كەیهان لە ستوونی "هەواڵی تایبەت"دا نووسیویەتی: "رۆژنامە زنجیرەییەكانی شەرق و ئافتابی یەزد، لە هەڵوێستێكی سەیروسەمەرەدا باس لە رێككەوتنی هاشمی و ڕۆحانی لەبارەی سەرۆكایەتیی محەمەد رەزش عارف بۆ پەرلەمانی كۆماری ئیسلامی دەكەن كە جۆرێك لە كەیخوایەتی بیر دەخاتەوە. لە بەرانبەردا هەندێك لە هەواڵەكان باس لە زیاتربوونی دەنگەكانی عەلی لاریجانی دەكەن".
رۆژنامەی رسالەت لەزمان جێگری یەكەمی سەرۆكی دەستەڵاتی دادوەری، غولامحسێن موحسنی ئێژەییەوە نووسیویەتی: هەندێك كەس بە بێ ئینسافییەوە لەنێوخۆی وڵاتەوە هاوڕێیەتیی دوژمن دەكەن و كۆماری ئیسلامی تۆمەتباردەكەن و بەو لێكدانەوەیان بە هەندێك لە حكوومەتەكان هەڵدەڵێن كە فڕیان بە خەڵكسالارییەوە نییە.
رۆژنامەی خۆراسان باس لە كێشەی نێوان ئەردۆغان و داود ئۆغلوو دەكات و نووسیویەتی: "ئەوەی پێگەی داودئۆغڵوو لەبەرامبەر ئەردۆغاندا بەهێز دەكات، پۆستی سەرۆكوەزیرانە كە لەدەستووری توركیادا دەستەڵاتی لە سەرۆككۆمار زیاترە".
ئەردۆغان بەم هیوایە بوو بتوانێت دەستووری توركیا بەرەو سیستەمی سەرۆكایەتی بگۆڕێت، بەڵام تا ئێستا ئەمە رووینەداوە و ئەگەر كێشەكە قووڵتر بێتەوەو داود ئۆغلوو پێگەیەكی باشتری دەبێت.
رۆژنامەی جەوان لە كوتانی رێككەوتنی ناووكیی بەردەوامە و لەم ژمارەیەدا نووسیویەتی: "سەرەتای هاوینی رابردوو بوو بەرجام وەك بەڵگەنامەیەكی ئاشتیی ئێران و خۆرئاوا، ئاشتیی گەورە و پەرجۆی دیپلۆماسی خاڵی كۆتایی لەسەردانرا. ئەوكاتە زۆربەی بەڕێوەبەرانی حكوومەت وێڕای هێندێك لەخۆرئاواییاكان باسیان لە ئاسۆی رووناكی ئەم ریككەوتنە بەرەو لەنێوبردنی دوژمانەیەتی كۆنی ئێران و ئەمریكا كرد، بەڵام دوای نۆ مانگ كاندیداكانی سەرۆك كۆماریی ئەمریكا. لە سەر دڕاندنی ئەم رێككەوتننامەیە لە كێبڕكێدان".