دوای سهدر مالیكی-ش دهچێته لوبنان
سهردانی بهیرووت بۆ لادانی عهبادی-یه
K24 - ههولێر:
دوای ئەوەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر سەردانی بەیروتی پایتەختی لوبنانی کرد، نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقیش چووە لوبنان.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی میدیای عێراقی، بەیروت بۆتە خاڵی کۆکردنەوەو له خۆگرتنی بەشێک لە سهركرده شیعەکان، ئەوەش بۆ دوورخستنەوەو لادانی حەیدەر عەبادیە لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵۆزییانەی رووی لە عێڕاق کردووەو هاوکاتی چاکسازییەکانی عەبادی و پێشکەشکردنی ناوی وەزیرەکانی کابینە نوێیەکە، ئێران دەستی بە جووڵەیەکی سیاسیانە کردووە، لەرێگەی حەسەن نەسڕوڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵا، بۆ لادان و دوورخستنەوەی عەبادی و زیاتر پەیوەست کردنی عێڕاق، بە میحوەری ئێران – سووریا - حیزبوڵا.
لەم چوارچێوەیەشدا، دوای موقتەدا سەدر، ئەمجارەیان مالیکیش سەردانی بەیروت دەکات و بەیروت دەکەنە خاڵی کۆکەرەوەی ئەو لایەنە شیعیانەی لەگەڵ دوورخستنەوەی عەبادی دان.
چەند جارێکیش، نوێنەرانی سیستانی و مالیکی و سەدڕ، لەگەڵ نێردراوی رابەی ئێران، عەلی خامەنەیی و چەند سەرکردەیەکی پاسداران، بە نێوەندگیری نەسڕوڵا کۆبوونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییە دزە پێکراوەکانی ئەم کۆبوونەوانە، هەموو هەوڵێکی ئێران بۆ ئەوەیە، نەهێڵێت، هاوپەیمانی شیعەکان، هەڵبوەشێتەوە و هێڵەکانی دژایەتی کردنی سعودیەو وڵاتانی کەنداو پتەوتر بکات.
لەنوێترین هەڵوێستیشدا مالیکی داوای لە ئەندامانی لیستەکەی کردووە، بەهیچ شێوەیەک دەنگ بۆ وەزیرەکانی کابینە نوێیەکەی عەبادی نەدەن.