سیاسەتمەدارێکی رووس: هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە رێگر بووە لە پێش سەربەخۆیی کورد
K24-هەولێر
سەرۆكی پارتی لیبراڵ دیموكراتی رووسیا، ڤلادیمێر ژێرنۆڤسكی كە لە ھەمان كاتدا سەرۆكی فراکسیۆنی حزبەکەیەتی لە پەرلەمانی ئهو وڵاته، لەسەر دوایین پێشھات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیھان، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان ٢٤ رایگەیاند، سەد ساڵە كورد چاوەڕوانی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆیە، بەڵام لەبەر ھەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە ھێشتا جێبەجێ نەكراوە.
ژێرنۆڤسكی گوتیشی: "ئێستا كورد دەرفەتی باشی لە پێشە، كە باكووری عێراق ببێتە بەشێك لە دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆ"، پاشان ئاماژەی كرد بەوەی كە لەوانەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم دۆخە گۆڕانكراوی بەسەردابێت.
راشیگهیاند ئهوان ناخوازن ئەمریكا، لە رێی كوردستانەوە حوكمی خۆی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بكات و پشتیوانی پارتەكەی وەك بەشێك لە حكومەت بۆ كورد دووپاتكردەوە.
ههروهها گوتی: "سەد ساڵە كورد چاوەڕوانی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆیە، ئەوروپا بەڵێنی پێداون، بەڵام لەبەر ھەڵوێستی توركیا ھێشتا جێبەجآ نەكراوە. لە ئێراق ئۆتۆنۆمی ھەیە، خاوەن دەستورو پەرلەمان و زانكۆی خۆیانن، لە ئێران نزیكەی ھیچیان نییە، لە توركیا شەڕە، دەیانكوژن و لەناویان دەبەن، بهڵام لە سوریا رهنگه رهوشهكه باشتر ببێت".
گویشتی: "ئێستا كورد ھەل و دەرفەتی باشی ھەیە، ئێراق نزیكەی دژی ئەوە نیە كە باكوری ئێراق ببێتە بەشێك لە دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆ، سوریاش ھەمان چەشن، بەسودی سوریایە كە لە باكورەوە دەوڵەتێكی بەھێز ھاوسێتی بكات بەناوی كوردستانی سەربەخۆ، پاشان توركەكان، كوردانی توركیا خەون بە دەوڵەتی سەربەخۆوە دەبینن. ئەگەر بشێت ئەم ھێزانە یەكبخرێن و یەكبگرن، ئەوا نەتەوەی كوردی ٤٠ ملیۆنی لەباریدایە دەوڵەتی سەربەخۆ دروستبكات".
من وەھای دەبینم لە ئایندەی نزیك و سێ چوار ساڵی داھاتوو ئەم دۆخە ئەشێت بێتە گۆڕێ. لەم رووەوە ئێمە ھیوای سەركەوتن دەخوازین و ئامادەی ھاوكارین، بەوپێیەی رووسیا ھەمیشە ھاریكاری كوردانی كردووە، ھەمیشە ئەم بیرۆكەیامان جوڵاندووەو پشتیوانیمان لێكردووە.
ئێمەش وەك بەشێك لە حكوومەت پشتیوانی ئەوە دەكەین كە زۆرترین ھاوكاری كورد بكرێت، ئێمە ناخوازین كە ئەمریكا لە رێی كوردستانەوە حوكمی خۆی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بكات، بەڵام با بزانین چ روودهدات و چ دێتە پێش، ئێمە وەك پارتی لیبرال دیموكراتی رووسیا پشتیوانی كوردین بۆ سەربەخۆیی.