دوای 10 رۆژ بێسەروشوێن بوونی تەرمەكەی دۆزرایەوە
"كێشەی كۆمەڵایەتیمان لەگەڵ كەس نییە"
K24 - ھەولێر:
دوای 10 رۆژ ونبوونی منداڵێك تەرمەكەی لە چیای سەفین دۆزرایەوە، كەسوكاری منداڵەكەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كێشەی كۆمەڵایەتیان لەگەڵ كەسدا نییە.
لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) سەباح کەماڵ، مامی منداڵەکە رایگەیاند: "ماوەی 10 رۆژە ئەو منداڵەمان ونبووە، دوو خزمی خۆمان چوبوون بۆ شاخ لەوێ تەلەفۆنیان بۆ كردم گوتیان، كوڕەكەتان جلی چۆنی لەبەرە، منیش بۆم وەسفكردن زانیمان كە ئەوە تەرمی ئەوە كە چووین تەرمەكەی لە ژێر شاخێك كەوتبوو".
گوتیشی: "ھیچ كێشەمان لەگەڵ كەس نییە، نازانین كە رفێندراوە یان نا، چۆن ونبوو تا ئێستا بە مردوی دۆزیمانەوە ھێشتا ھیچ لە بارەی ونبوون و گیان لە دەستدانی نازانین، ئەركی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكەن".
ئەو خێزانە دانیشتووی شارۆچكەی شەقڵاون لە سنووری پارێزگای ھەولێر، دوای ١٠ رۆژ لە مەوبەر رایانگەیاندبوو كە منداڵەكەیان ونبووە، پێشتر باس لەوە دەکرا چونكە باوکی منداڵەکە یەکێکە لە پلەدارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، گومان دەكرێت منداڵەکەی رفێندرابێت، بەڵام کەسوکاری منداڵەکە تا ئێستا لەوە دڵنیا نین رفێندرابێت، ئێستا چاوەرێی راپۆرتی پزیشکی دادوەری ھەولێرن تا ھۆکاری مردنەکە ئاشکرا بکات .