داعش له‌ عێراق و سووريا پاشه‌كشێ و له‌ ليبيا جێ پێ قايم ده‌كات

لەگەڵ لاوازبوونی داعش لە عێراق و سووریا و رزگاركردنی چەند ناوچەیەكی گرنگ لە دەست ئەو رێكخراوە، فەرماندەیەكی باڵای سوپای ئەمریكا دەڵێت: ژمارەی چەكدارانی داعش لە لیبیا زیادیكردووە و بووە بە دووئەوەندە.

K24 – هه‌ولێر:

لەگەڵ لاوازبوونی  داعش لە عێراق و سووریا و رزگاركردنی چەند ناوچەیەكی گرنگ لە دەست ئەو رێكخراوە، فەرماندەیەكی باڵای سوپای ئەمریكا  دەڵێت: ژمارەی چەكدارانی داعش لە لیبیا زیادیكردووە و بووە بە دووئەوەندە. سەرۆكی ئەمریكاش  دەڵێت، لەگەڵ ھێزەكانی ھاوپەیمانان  ھێرشەكانمان بۆ لەناوبردنی داعش چڕتر دەكەینەوە.

بە پێی ئەو ئامارانەی بڵاو دەكرێنەوە، لە عێراق و سووریا داعش لە پاشەكشەدایە، بەڵام لە لیبیا ژمارەی چەكدارانیان زیادیكردووە، پێدەچێت رێكخراوەكە بیەوێت ستراتیجییەتی شەڕەكەی بۆ ئەو وڵاتە بگوازێتەوە.

تەلەفزیۆنی فەرمی رووسیا چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە كە داعش لە دوای خۆی لە شاری تەدموری مێژوويی وێرانكارییەكی زۆری جێھششتووە،  كە 27 ی مانگی رابردوو لە لایەن ھێزەكانی حكومەتی سووریا لە دەست چەكدارانی داعش دەرھێندرا. ئازادكردنی ئەو شارە یەك لە گەورەترین سەركەوتنەكانیان بوو بەسەر داعش لەمساڵدا، ئەمەش چەند رۆژێك دوای یادی پێنج ساڵەی شەڕی ناوخۆیی سووریا. ھەر دوای ئازاد كردنەوەی تەدمور، سوپای سوریا گوندی قەریەتەینی سەربە پارێزگای حمسی كۆنترۆڵكردەوە.

باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا دوای كۆبوونەوە لەگەڵ دەزگای ھەواڵگری وڵاتەكەی سی ئای ئەی، رایگەیاند، لەگەڵ ھاوپەیمانەكانیان ھێرشەكانیان چڕتر كردوونەتەوە بۆ لەناوبردنی داعش.

له‌و باره‌يه‌وه‌ باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا گوتى: ئێستا داعش لە عێراق و سووریا لە پاشەكشەدایە، ھەر 66 وڵاتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە حاڵەتی ھێرشبردندان. ھێرشەكانمان بۆ سەر داعش چڕكردوونەتەوە بۆ ئەوەی درێژە بە پێشڕەوەیەكانمان بدەین بەسەریاندا.

لە لایەكی دیكەوە سوپای عێراق بەردەوام گرتەی ڤیدیۆیی بۆردومانكردنی پێگەو ئۆتۆمبێل و ھێزەكانی داعش بڵاو دەكەنەوە، چەند رۆژێك لەمەوبەر قەزای ھیتی پارێزگای ئەنباریان كۆنترۆڵكردەوە. ھەروەھا حەشدی شەعبی گوندی تەل ئەحمەدیان لە نزیك گوندی بەشیری توركمان نشین كۆنترۆڵكردەوە حەشد بەڵێنی داوە ئەو ھەینییە نوێژ لە بەشیریش دەكەن.

وەك سوپای عێراق ئاماژەی بۆ دەكات، ئێستا داعش ھێزی خۆی لەدەستداوەو چەكێكی واشی لەبەردەستدا نییە تا بەرگری لەخۆی بكات.

لە كاتێكدا داعش لە عێراق و سووریا لاواز دەبێت و ئەمریكاش گوشارەكانی چڕتر كردوونەتەوە، فەرماندەیەكی سوپای ئەمریكا لە لیبیا ئاماژە بە زۆربوونی ژمارەی چەكدارانی داعش لە لیبیا دەكات.

ژەنەرال دەیڤد رۆدریگێز، فەرماندەی ھێزەكانی ئەمریكا لە ئەفریقیا گوتى: بە گوێرەی زانیاری دەزگا ھەواڵگرییەكان لە لیبیا مەزەندە دەكرێت ژمارەی چەكدارانی داعش لە نێوان 4 بۆ 6 ھەزار چەكدار بن ئەمەش لە ماوەی 12 بۆ 18 مانگی رابردوو دوو ھێندە زیادیكردووە.

دوای چڕبوونەوەی ھێرشەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا و دەرھێنانی چەند ناوچەیەكی گرنگ لە دەست ئەو رێكخراوە لە لایەن ھێزەكانی عێراق و سووریا، ئاماژەكان بۆ ئەوە دەڕۆن، كە ئیتر داعش ھەوڵدەدات لە لیبیا دەسەڵاتی چڕ بكاتەوەو پاشەكشەكانیشی لەو دوو وڵاتە، ھەمان ئاماژە دەسەلمێنن.

 

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/f791eee4-ebe8-4a33-9cb8-f49becc4c58a/Syria%20IS%20Focus.ism/manifest
Fly Erbil Advertisment