بە ڤیدیۆ.. شەڕی نێوان ئاسایشی رۆژئاوا و هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە قامیشلۆ

شەڕ و پێکدادان ئەمڕۆ چوارشەممە لەنێوان ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرێتی خۆسەری دیموكراتیك و هێزەكانی حكوومەتی سووریا لە نێو شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان سەریهەڵدا.

K24-هەولێر

شەڕ و پێکدادان ئەمڕۆ چوارشەممە لەنێوان ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرێتی خۆسەری دیموكراتیك لە رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە لایەک و هێزەكانی حكوومەتی سووریا لە لایەکی دیکە لە نێو شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان سەریهەڵدا و بەپێی پەیامنێری کوردستان 24 لە قامیشلۆ بەهۆی شەڕەکەوە کوژراو و بریندار هەن.

پەیامنێری کوردستان 24 لە قامیشلۆ پێی راگەیاندین: ئەمڕۆ هێزەکانی بەشار ئەسەد ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموكراتیكیان لە قامیشلۆ کردە ئامانج و دوو کارمەندی ئاسایش لە هێرشەکە کوژران.

پەیامنێری کوردستان 24 دەشڵێ: شەڕ ئێستا لەنێوان هێزەکانی یاسایش و یەکینەکانی پاراستنی گەل لە دژی هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە چوارگۆشەی ئەمنیی لە نێو شاری قامیشلۆ بە چەکی قورس بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکان تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە شەڕ بەردەوام بوو.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر چەند جارێک شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سەر بە بەشار ئەسەد لە قامیشلۆ سەریهەڵداوە، لە کاتێکدا ناوچەیەکی ستراتیجیی و فڕۆکەخانەی شاری قامیشلۆ هێشتا لە بندەستی هێزەکانی ئەسەددان.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/3fae79fb-0fe3-4459-a0a0-64e59078f94d/qamishlo.ism/manifest