"هێزه‌كانی رووسیا له سووریا دووجار ته‌قه‌یان له فڕۆكه‌ی سه‌ربازیی ئیسرائیل كردوه"
ئه‌و رووداوه وایكردوه بنیامین ناتانیاهۆ هه‌وڵبدات هه‌ماهه‌نگیی په‌یوه‌ست به پرۆسه‌كان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ باش بكات
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆت كه یه‌كێكه بڵاوترین رۆژنامه‌كانی ئیسڕائیل رایگه‌یاند: دووجار هێزه‌كانی رووسیا له سووریا ته‌قه‌یان له فڕۆكه سه‌ربازییه‌كانی ئیسڕائیلی كردووه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه ئه‌و رووداوه وایكردوه بنیامین ناتانیاهۆ هه‌وڵبدات هه‌ماهه‌نگیی په‌یوه‌ست به پرۆسه‌كان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ باش بكات.
راپۆرتی رۆژنامه‌ی یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆت باسی كات و شوێنی ئه‌و رووداوانه‌ی نه‌كردوه، هه‌روه‌ها هیچ ئاماژه‌یه‌كیشی باسنه‌كردوه كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل به‌هۆی ئه‌و تهقهلێكردنهی رووسیا پێكراوبن.
بۆ پشتیوانیكردن له رژێمی ئه‌سه‌د له ئه‌یلوولی 2015 رووسیا ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازیی له سووریا ده‌ستپێكرد.
پێنج ساڵه سووریا له شه‌ڕێكی ناوخۆیی سه‌ختدایه كه به‌هۆیه‌وه ملیۆنان كه‌س ئاواره‌بوونه و سه‌دان هه‌زار كه‌سیش كوژراون و برینداربوون.
REUTERS ، م.ح