كرملین هه‌واڵێكی رۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیلی ره‌تده‌كاته‌وه
یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆت: دووجار رووسیا له سووریا ته‌قه‌ی له فڕۆكه‌ی سه‌ربازیی ئیسڕائیل كردوه
K24 – هه‌ولێر:
كرملین ره‌تیكرده‌وه ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆكی رووسیا و بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له باره‌ی رووداوه‌كانی په‌یوه‌ست به هێزه‌كانی رووسیا له سووریا و فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل قسه و باسیان كردبێت.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له رێی ته‌له‌فۆنه‌وه دیمیتری بیسكۆف گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا (كرملین) گوتی: "له‌و حاله‌ته‌دا راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كانی ئیسرائیلی له واقیعه‌وه دووره".
رۆژنامه‌ی یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆت كه یه‌كێكه بڵاوترین رۆژنامه‌كانی ئیسڕائیل رایگه‌یاند: دووجار هێزه‌كانی رووسیا له سووریا ته‌قه‌یان له فڕۆكه سه‌ربازییه‌كانی ئیسڕائیلی كردووه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه ئه‌و رووداوه وایكردوه بنیامین ناتانیاهۆ هه‌وڵبدات هه‌ماهه‌نگیی په‌یوه‌ست به پرۆسه‌كان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ باش بكات.
راپۆرتی رۆژنامه‌ی یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆت باسی كات و شوێنی ئه‌و رووداوانه‌ی نه‌كردوه، هه‌روه‌ها هیچ ئاماژه‌یه‌كیشی باسنه‌كردوه كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل به‌هۆی ئه‌و ته‌قه‌لێكردنه‌ی رووسیا پێكراوبن.
كه‌چی ماڵپه‌ڕی RT Arabic رایگه‌یاند: یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆت باسی له‌وه‌كردوه فڕۆكه‌كانی رووسیا له هه‌فته‌كانی رابردوودا دووجار فڕیون بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل بكه‌ن له ئاسمانی سووریا.
به گوێره‌ی RT Arabic باسى ئه‌وه نییه هێزه‌كانی رووسیا دوو جار ته‌قه‌یان له فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل كردبێت له سووریا، ته‌نها ئه‌وه‌ی گوتوه كه فڕۆكه‌كانی رووسیا گوایه رێگریان له فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل كردوه، ئه‌وه‌ش مۆسكۆ ره‌تیكرده‌وه.
REUTERS ، م.ح