ماکگۆرک: چەکدارانی داعش ئێستا ناتوانن لەنێوان مووسڵ و رەققە گەشت بکەن

"رێگەی لەناوبردنی داعش دوور و درێژە"

K24-هەولێر

نوێنەری ئەمریکا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش برێت ماکگۆرک رایگەیاند بەهۆی هێرشەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی رێکخراوی داعش، چەکدارانی رێکخراوەکە ئێستا ناتوانن لەنێوان مووسڵ و رەققە گەشت بکەن.

برێت ماکگۆرک لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعوودییە راشیگەیاند: هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەستکەوتی ستراتیجیی گرنگی لە دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکە لە عێراق و سووریا بەدەستهێناوە، کە بریتین لە بڕینی پەیوەندیی لەنێوان چەکدارانی داعش لە شارەکانی مووسڵ و رەققە.

برێت ماکگۆرک دەشڵێ: چەکدارانی داعش ناتوانن لەنێوان ئەم دوو شارە گەشت بکەن و وەک پێشتریش رامانگەیاند تا ئێستا 40% ناوچەکانی بندەستی داعش لە عێراق رزگارکراون و 20% ناوچەکانی بندەستی رێکخراوەکە لە سووریا رزگارکراون.

نوێنەری ئەمریکا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئاماژەش دەکات: هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دواتوانێ داعش لە سووریا و عێراق گەمارۆ بدات، "بەڵام شەڕێکی فراوان دژی داعش پێویستی بە رووبەڕووبونەوەی رێگاکانی رێکخستن هەیە کە داعش بە ئاستی جیاجیا پەیرەویان دەکات و رێگەی لەناوبردنی داعش دوور و درێژە".

ئا: ئا ، ف