یه‌كێتی ئه‌ورووپا داوای ئاسایكردنه‌وه‌ی بارودۆخی عێراق دەكات
"مەترسییە بۆ تێكچوونی سەقامگیری عێراق"

K24 - ھەولێر
رێكخەری كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا رایگەیاند، داوا له په‌رله‌مانتاران و گه‌لی عێراقی دەكەن پشتیوانی لە ھەوڵەكانی ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە بكەن.
لە راگەیاندراوێكدا فێدریكا مۆگێرینی، رێكخه‌ری كاروباری دره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگەیاند: "هه‌ڵكوتانه سه‌ر ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له لایه‌ن خۆپێشانده‌ران، مه‌ترسییه بۆ جارێكی دیكه تێكچوونه‌وه‌ی سه‌قامگیری ئه‌و وڵاته".
مۆگێرینی ده‌ڵێ: "یه‌كێتی ئه‌وروپا پشتیوانی له هه‌وڵه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته ده‌كات، له پێناو چاره‌سه‌ری ئه‌م قه‌یرانه سیاسییه‌ی عێراق تێیكه‌وتووه".
ھەر لەو راگەیاندراوەدا ھاتووە: "داوا له ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و گه‌لی عێراقی ده‌كەین، كه پشتیوانی له هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردن بكه‌ن، نه‌ك زیاتر ئاڵۆزكردنی بارودۆخه‌كه".
ئەمە لە كاتێكدایە دوێنێ خۆپێشاندەران لە بەغدا ھەڵیان كوتایە سەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەیەك پەرلەمانتار بۆ ماوەیەكی زۆر لە باڵەخانەی پەرلەمان گیریان خوارد، بەم ھۆیەوە بەغدا گرژی زیاتری بەخۆیەوە بینی و باری لە ناكاو راگەیاندرا.