رۆژنامهكانی ئێران: دهستی بایدن له گرژییهكانی عێراقدا دیاره
K24 - ههولێر:
رۆژنامەکانی رۆژی دووشەممەی چاپی تاران، بە بۆچوونی خۆیان باسی رووداوەکانی بەغدایان کردووە.
رۆژنامەی "جەوان" کە سەر بە کۆنەپارێزانی دەسەڵاتی ئێرانە و لە مەحموود ئەحمەدی نەژادەوە نزیکە، لە ستوونی روانیندا بە قەیرانەکەی بەغدادا چووەتەوە و نەخشە بۆ هەڵوەشانەوەی رێککەوتنی عێراقیەکان دەکیشێت و نووسیویەتی: داواکردن بۆ چاکسازی و بەرەوڕووبوونەوەی گەندەڵی لە بەرانەر داوکردنی پشک لە لایەن کەسانی وەک بارزانی و عەلاوی و نوجەیفی و ئەوانی دیکەوەیە. جەوان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن سەرۆککۆمار و دەستێوەردانی مەرجەعەکان بە رێگە چارە دەزانێت.
چەند رۆژنامەیەکیش رۆژێك بەر لە بەڕێوەچوونی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە تاران، گومانیان خستووەتە سەر ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پێشانگهیە.
رۆژنامەی رسالەت کە یەکێکی دیکە لە رۆژنامەکانی سەر بە کۆنەپارێزانی ئێرانە، ئەمریکای لە قەیرانی عێراقدا بە بەرپرس دەزانێت و نووری مالکی وەك چارەسەری کێشەکە دناسێنێت. رسالەت، لە ستوونی سەرەکییدا لەژێر پرسیاری ئەمریکا لە بەغدا بەدوای چیەوەیە، نووسیویەتی: ئەم ڕۆژانە عێراق لە هەڵچوونێکی نوێ دایە و لە پشت پەردەوە دەستانی بایدن و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا بە ئاشکرا دیارە.
بەیانیی رۆژی سێشەممە پێشانگهی ساڵانەی کتێب لە تاران دەست پێدەکات و هێشتا دیار نییە ناوەڕۆکی پێشانگهی ئەمساڵ چۆن دەبێت. بەڵام رۆژنامەی "مەردومسالاری" رۆژێك بەر لە دەستپێکردنی پێشانگاکە، لە سهر زاری جێگری وەزیری ئیرشادەوە نووسیویەتی: "دەتوانین بڵێین پێشانگای کتێبی ئەمساڵ بووەتە خاوەنی ماڵی خۆی و شوێنی بەڕێوەبردنی پێشانگه بۆماوەی ١٠ساڵ بێ وەرگرتنی هیچ پارەیەك دەخرێتە دەست بەشی کولتووریی وەزارەتی ئیرشاد".
رۆژنامەی "ئێعتماد"یش، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی بیست و نۆهەمین پێشانگای کتێبی تاران، نووسیویەتی: "سبەی بۆنی کتێب لە شاری ئافتاب دەگەڕێت".
رۆژنامهكه لە زاری جێگری وەزیری ئیرشادەوە دەڵێت: "ئەمساڵ یەکەمجارە لەشاری ئافتاب ئەم پێشانگایە بەڕێوەدەچێت"، لە گوتەکانی جێگری وەزیری ئیرشادەوە دەردەکەوێت، چاوەڕوانە خەڵك چاو لە کەموکوڕییەکانی ئەم پێشانگهیە بپۆشن.