فهرماندهكانى پێشمهرگه: تهرمى 120 چهكدارى داعش له بهردهستى پێشمهرگهدا بهجێماوون
پێشمەرگە لە زۆربەی قۆڵەکانەوە شكستیان بە داعش ھێنا
K24 – ههولێر:
سەبارەت بەو زیانانەی لە میحوەرەكانی تەلسقۆف و ناوەران و باشیك و گوێڕ بەر چەكدارانی داعش كەوتوون، فەرماندەیەكی پێشمەرگەی كوردستان رايگهياند، چەكدارانی داعش ھێرشێكی بەرفراوانیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە لە زۆربەی قۆڵەکانەوە شكستیان بە داعش ھێنا. ھەر بە گوێرەی زانیاریی پەیامنێری كوردستان 24 چەندین تەرمی چەكدارانی داعش لە شارەدێی تەلسقۆف بەجێماون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە، چەكدارانی داعش بە پيلانی پێشوەختە، لە چەندین میحوەری وەك باشیك و تەلسقۆف و ناوەران و گوێڕ، ھێرشیان كردە سەر پێشمەرگە، بەڵام ھێزەكانی پێشمەرگە لە سەرجەم میحوەرەكانەوە بەرپەرچی ھێرشەكانیان دایەوە.
فەرماندەكانی پێشمەرگە باس لەوە دەكەن، ھێرشەكانی داعش بۆ سەرسەنگەرەكانی پێشمەرگە بۆ تۆڵەكردنەوەی شكستەكانی رۆژی شەمەی رابردوو بوو كە لەم سنوورە پێیانگەیشت، بەڵام نەیانتوانی ئامانجەكانیان بپێكن و پێشمەرگە بە توندی وەڵامی دانەوە.
لە ھێرشەكانی ئەمڕۆدا، چەكدارانی داعش چەندین ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و خۆكوژیان بەكارھێنا بۆ ئەوەی لە رێیەوە دزە بكەنە ناو سەنگەرەكان، بەڵام سەرجەم ئەو ھێرشانە لە لایەن پێشمەرگە تەقێندرانەوە، لە سەرجەم میحوەرەكانەوە پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە شەڕی چەكدارانی داعشی دەكرد، لە كاتی شەڕەكەش جیا لە ھێزەكانی پێشمەرگە چەندین خۆبەخش چوونە ئەو میحوەرانە بۆ تێكشكاندنی داعش.
لە شەڕەكەی ئەمڕۆدا، فەرماندەی سپیلك و ھێزی زێرەڤانی و دژە تیرۆر و لەشكری تایبەت و لەشكری گوڵان و فەرماندەی دھۆك بەشدار بوون، دواجار پێشمەرگە توانیی شارەدێی تلسقۆف لە دەست چەكدارانی داعش دەربھێنت و دەست بگرێت بەسەر چەندین تانك و زریپۆشی چەكدارانی داعش، باسیش لەوە دەكرێت كە لەو شەڕەدا داعش زیاتر لە 120 چەكداریان لە لایەن پێشمەرگە كوژراون و تەرمەكانیشیان بەجێماون.