ئازاد جوندیانی: بەداخەوە حزبەكەم بۆچوونی روونی لەسەر پرسی سەربەخۆیی نییە

محەممەد حاجی مەحموود: ھەلێكی زێڕین بۆ كورد ھاتووەتە پێشەوە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/9b7cb774-3a94-4fcf-b708-b3fa2bab912c/ZankoySlemaniKonfrans.ism/manifest

K24 - سلێمانی

لە دووەمین کۆنفراسی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی پرسی کورد و رێکكەوتنامەی سایکس بیکۆ، تاوتوێکرا و ژمارەیەك لە سیاسییەکان پێانوایە دوای 100 ساڵ لە رێكکەوتننامەکە پێویستە کورد خۆی بۆ سەربەخۆیی ئامادە بکات و ناوماڵی كورد رێك بخرێتەوە.

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رادەگەیەنێت، حزبەكەی بۆچوونی روونی لەوبارەوە نییە، سکرتێری حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان رایوایە ئەگەر كورد ژیرانە كار بكات ھەلێكی زێڕینی بۆ ھاتووەتەپێشەوە.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "كورد ئەگەر ژیرانە كار بكات ھەلێكی زێڕینی بۆ ھاتووەتە پێشەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە 30ی نیسانی ئەمساڵ لە بەغدا دەریان كردین، ئەوە باشترین ھەلە بۆ ئەوەی كورد نەڕواتەوە بەغدا، ناوماڵی خۆی رێكخات و بڕیاری خۆی بدات و ریفراندۆم لە كوردستان بكات".

ئازاد جوندیانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی كۆدەنگی بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی لە باشووری كوردستان رەخنەی لە حزبەكەی گرتوو گوتی: "پێویستە پێكەوە شانی بدەنە بەر، بەداخەوە حزبەكەی خۆم تا ئێستا ھێشتا بۆچوونێكی روونی لەوبارەوە نییە".

ئەمە لە كاتێكدایە چەندین جار مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، دەبێ ریفراندۆم لە باشووری كوردستان ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی گەل بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.