ئەبوبەكرعەلی: پێموانییە لە كۆنگرەی یهکگرتوو گۆڕانگاری گەورە رووبدات
"ئەمینداری پێشوو ئەگەر تەنھا رۆتینی بێتەوە ھاتنەوە دەكەوێتە ژێر پرسیار"
K24- ھەولێر
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بارەی كۆنگرەی داھاتووی حزبەكەیان كە بە بڕیارە لەم مانگەدا بەڕێوەبچێت رایگەیاند، پێموانییە لە كۆنگرە گۆڕانگاری گەورە رووبدات، ئەمینداری پێشوو ئەگەر تەنھا رۆتینی بێتەوە چوارساڵ و دواتر چوارساڵ ئەوە ھاتنەوەی دەكەوێتە ژێر پرسیار.
ئەبوبەكرعەلی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ (كوردستان24) لە بارەی گۆڕینی ناوی حزبەكەیان و مانەوەی ناوی ئیسلامی لە كۆنگرەی داھاتوودا رایگەیاند: "دەمێنێتەوە بۆ ئەندامانی كۆنگرە ئەگەر زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرە لەگەڵی بن ناوی ئیسلامی نامێنێتەوە ئەگەرنا دهمێنێتەوە، بەڵام من لەو بڕوایەدام تەنھا ناو گۆڕین بەس نییە، بەڵكو دەبێ دەستكاری جۆری مۆدێلی ئیشكردنەكە بكەین، مەسەلە ئاینییەكان لە چوارچێوەیەكدا رێك بخرێت مەسەلە سیاسییەكانیش زیاتر مافی خۆیان پێبدرێت و لە چوارچێوەیەكدا رێك بخرێن، بە مانایەكی تر بچینە قۆناغی دوای ئیسلامی سیاسی و بزاڤی ئیسلامی ئاساییەوە، بچینە قۆناغی حزبی پاشخانی ئیسلامی ھاوچەرخ كە یەكگرتوو كۆمەڵێك خەسڵەتی تێدایە، بەڵام خەسڵەتەكان ناتەواون".
لە بارەی خۆكاندید كردنی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و گۆڕانكاری لە كۆنگرەی داھاتووی حزبەكەیان ئەبوبەكر عەلی گوتی: "من بەردەوامم بۆ خۆکاندیدکردن له کۆنگره و دیدگای تایبەتی خۆم ھەیە بۆ ئایندەی یەكگرتووی ئیسلامی، ئێستا ناتوانم بڵێم ئەوەی خۆم ئاواتی پێدەخوازم و چاوەڕێی دەكەم لە كۆنگرە دەبێ ئەوە رووبدات شتێكە و ئەوەی روودەدات شتێكی ترە، بە بڕوای من گۆڕانی گەورە روونادات، ئەوەندەی كە ھیوای لێ دەخوازم ببێتە سەرەتای گۆڕان لە قۆناغی داھاتوودا".
سەبارەت بە خۆكاندیدكردنەوەی جارێكی دیكەی سەڵاحەدین بەھائەدین، ئەمینداری پێشووی یەكگرتوو دەڵێ: "ئەو پێوایە رەخنە و تێبینی ھەیە لەسەر جۆری بەڕێوەبەردنی حزبەكە لە چوارساڵی رابردوودا، پێیوایە دێت خزمەتی یەكگرتوو دەكات بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لە كاتێكی دیاریكراو بۆ پڕۆژەیەكی دیاریكراو، ئەگەر لەم چوارچێوەیە بێتەوە بە بڕوای من ھاتنەوەیەكی ئاساییە، بەڵام ئەگەر تەنھا رۆتینی بێتەوە چوارساڵ و دواتر چوارساڵ ئەوە ھاتنەوەی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە".