واشنتۆن پۆست: پێویسته‌ جێگره‌وه‌یەك بۆ سایکس پیکۆ بدۆزرێته‌وه‌

له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی 100 ساڵ به‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌كه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/394b133e-0e72-415a-8954-58a903b8493f/Kurd%20u%20Syks%20Piko.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

لەگەڵ تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر رێککەوتنامەی سایکس پیکۆدا، رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی راپۆرتێکی تایبەت بە داھاتووی عێراق و سووریا بڵاوکردووه‌تەوە و تێیدا ھاتووە، پێویستە ئەمه‌ریکا و وڵاتانی زلھێزی جیھان، جێگره‌وه‌یەك بۆ رێککەوتنامەی سایکس پیکۆ لە عێراق و سووریا بدۆزنەوە.

رۆژنامەی واشنتن پۆست، کە یەکێکە لە رۆژنامە بەناوبانگەکانی ئەمریکا، تایبەت بە یادی ١٠٠ ساڵەی رێککەوتنی سیاکس پێکۆ، راپۆرتێك بڵاو دەکاتەوە و تیایدا ھاتووە کە رووداوەکانی ئەمدوایەی عێراق و سووریا و وڵاتانی دیکەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەیەکی روونە کە ئەو رێککەوتنە بەسەرچووە و ناوچەکە پێویستی بە رێککەوتنێکی نوێیە.

نووسەری ئەو راپۆرتە، رۆژنامەنووسی ناسراوی ئەمریکی، دەیڤد ئێگنەیتیسە و ناوبراو ماوەی چەند ھەفتەیەکە سەردانی باشووری کوردستانی کردووە و لێرە ژمارەیەک راپۆرتی لەسەر داھاتووی عێراق و نەخشەی نوێی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست نووسیووە.

لەو راپۆرتەدا ھاتووە، ئێستا عێراق و سووریا لە واقیعدا دابەش بوون و لە ھەردوو ولات شتێک بەناوی حکومەتی مەرکەزی بوونی نییە.

لە لێدوانیبَکدا بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆست، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە داھاتووی عێراق دەڵێ "بۆ ١٠٠ ساڵە سیستەمێک لە عێراق دانراوە، کە شکستی خواردووە، لەبەرئەوەی عێراق ھەرگیز لەسەر بناغەیەکی راست بنیات نەنراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی وڵاتانی زلھێز بنیاتنراوە، بۆیە ١٠٠ ساڵ سکشتخواردن بەسە و پێویستە ئێمە بیر لە رێگایەكی نوێ بکەینەوە".

ھەر لەراپۆرتەکەی واشنتن پۆستەدا، بەرھەم ساڵەح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ھەمان بۆچوونی لەسەر داھاتووی عێراق ھەیە و دەڵێ " ئەو سیستەمەی لەساڵی ٢٠٠٣ ئەمریکییەکان لەعێراق جێگیریان کرد، ئێستا بەرەو ھەڵوەشاندنەوە دەچێت. ئێستا سەردەمێکی نوێ ھاتووەتە ئاراوە و دوو رێگەلەبەردەمدایە: یەکەمیان شکستێکی پڕ لە وێرانکرایی. یانیش ھەموارکردنەوە و رێککەوتن لەسەر دەستوورێکی نوێ کە بکرێت عێراقێکی لامەرکەزییەت و کۆنفیدڕاڵی بێتە ئاراوە".

پاشان لە راپۆرتەکەی واشنتن پۆستدا ھاتووە کە قسە لەگەڵ زۆر لە سەرکردە و سیاسەتمەدرانی کورد و سوننەکان کراوە و ھەمووی بۆچوونێکی ھاوبەشیان ھەبووە، بەوەی ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی زلھێز قسە لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان بکەن لە عێراق و سووریا، بۆ دۆزینەوەی رێگایەکی ئەڵتەرنەتیڤ بۆ رێککەوتنی سایکس پیکۆ.

واشنتن پۆست، لە کۆتاییدا نووسیوویەتی، پێویستە ئەمریکا پشتگیریی لە ریفۆراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان بکات، کە بڕیارە لەپێش ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە مانگی نۆڤێمبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بكات، بەڵام بەمەرجێک کە ئەو پڕۆسەیە لەدوای رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەڕێوەبچێت، ئاشکراشی دەکات چەندین بەرپرسی سوننی و شیعەی عێراقی دەیانەوێت ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان، ھەرێمێکی سوننی و شیعە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دابمەزرێت.