له ههرێمدا ئامادهكارى بۆ كۆبوونهوهى فراوانى لايهنهكان دهكرێت
لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی نیشتیمانی، بۆ ئەوەی ھەموو لایەنەکان بە یەکەوە چارەسەرێک بۆ ئهم بارودۆخە بدۆزنەوە، بە تایبەت رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق، دەیانەوێت لە کۆبوونەوەکەدا زیاتر باس لە کێشە و گرفتەکانی ھەرێمی کوردستان و ئایندەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق بکەن.
K24 – ههولێر:

لایەنەکانی باشووری کوردستان جارێکی دیکە ئارەزووی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی فراوان و لوتکە دەکەن، دەیانەوێ لە نزیکترین کاتدا گفتووگۆیەک رێکبخرێت، بۆ ئەوەی بناغەیەک بۆ ئایندەی سیاسی لە عێراق دابنێن، ھاوکات کۆتایی بە کێشە ناوخۆییەکانی ھەرێم بھێندرێ.
لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی یەکێتی و پارتی، قسە لەسەر ئەوە کراوە، گرنگە ھیچ ھێزێکی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان پەراوێز نەخرێ، بە جۆرێک بێت دانیشتن و گفتووگۆ لە نێوان گۆڕان و پارتیش بکرێت، باس لەوەش دەکرێت گەڕانەوەی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەشێکە لەو ئامادە سازییەی کە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە نیشتیمانیەکە دەکرێت.
لە دوا کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمانی کوردستان تەنھا بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەشدار نەبوون، بۆ ئەمجارە کۆمەڵی ئیسلامی لایەنێکی سەرەکییە کە داوای کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان دەکات و ئەمیری حزبەکە رژدە لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت، بە گشتیش سەرجەم لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان، تەئکید دەکەنەوە کە ھەموویان بۆ ئەو بابەتە ھەست بە بەرپرسیارییەتی دەکەن.