حەشدی شەعبی: ئێمە یەكەم ھێزبووین چووینە ناو بەشیر

"لە بەشیر كۆنگرەی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا"

K24 - بەشیر

بەرپرسی میحوەری باکووری رێکخراوی بەدر رایگەیاند، حەشدی شەعبی یەكەم ھێزبوو لە كاتی رزگاركردنی بەشیر چووە ناو گوندەكە و خۆم لەگەڵیان بووم.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كە بۆ سەركەوتنی گوندی بەشیر رێكیان خستبوو ئەبو ریزا نەجار، بەرپرسی میحوەری باکووری رێکخراوی بەدر رایگەیاند: "بەرلەوەی ھێرشی بەشیر ئەنجام بدەین رێككەوتین لە باكوورەوە ھێزی پێشمەرگە و لە باشوورەوە حەشدی شەعبی بەم جۆرە ھێرشمان كردە سەر داعش لە بەشیر، ئەوەی یەكەمجارە ھاتە ناو بەشیر فیرقەی 16ی حەشدی شەعبی بوو كە من لەگەڵیاندابووم".

گوتیشی: "بە سووربوون و یەكگرتنی ریزەكانی عێراق توانیمان بەشیر كۆنتڕۆ بكەینەوە، سەبارە بە دواكەوتنی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەی سەركەوتن لە گوندی بەشیرم ئێمە ویستمان تەواوی گوندی بەشیر كۆنتڕۆڵ بكەین و بۆمبە چێندراوەكان پوچەڵ بكەینەوە، بۆیە بەیاننامەكە دواكەوت".

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "بەشیر تەواوی عێراقییەكانی لە زاخۆ تا فاو كۆكردەوە بۆ ئەوەی شەڕ لە دژی داعش شەڕ بكەن، چونكە داعش تەنھا یەك پێكھاتە ناكەنە ئامانج، بەڵكو ئەوان تەواوی گەلی عێراق دەكەنە ئامانج جگە لە تێكدان و وێرانكردن ھیچی دیكە نازانن، ئێستا لە ناوبەشیری كۆنتڕۆڵكراو قسەتان لەگەڵ دەكەین لێرە عەرەب و كورد و توركمان بە یەكەوە كۆبووینەتەوە و شەڕمان لە دژی داعش كردووە و بە یەكڕیزی دەمێنینەوە".

ئەو سەركردەیەی حەشدی شەعبی راشیگەیاند: "سوپاسی بێ پایەنمان بۆ مەرجەعیەتی باڵای شیعە و حكوومەتی عێراق و سەركردەكانی حەشدی شەعبی و سەركردەكانی پێشمەرگە و فیرقەكان شەڕكەری حەشدی شەعبی ھەیە، ھەروەھا پاڵەوانانی پێشمەرگە و فیرقەی 15ی حەشدی شەعبی و ھێزی ئاسمانی ھاوپەیمانان و خەڵكی بەشیر و دەوروبەری سوپاسی ئێران دەكەین لە كاتە سەختەكاندا پاڵشتی كردووین".

لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی گوندی بەشیر گوتی: "لەگەڵ پارێزگاری كەركووك كۆبووینەوە و پەیوەندی بە وەزارەتەكان كراوە، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكان بگەڕێندرينەوە گوندی بەشیر، دوو رۆژە كارەبا بۆ بەشیر گەڕاوەتەوە، بەڵام لێرە دووبارەی دەكەمەوە گەندی بەشیر100%ی بەشیر وێرانكراوە".

سەبارەت بە ئامادەنەبوونی فەرماندەكانی پێشمەرگە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە رایگەیاند: "پێشمەرگە لێرە لەگەڵ ئێمەن داوامان لێكردن، بەڵام ئەوان گوتیان خۆیان كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجامدەدەن، لێرە یەكڕیزی ھەیە و ھیچ جیاوازییەك لە نێوان كورد و عەرەب نییە خوێنی ھەردووكیان لێرە تێكەڵ بووە یەكڕێزی عێراقی لێرە بە تەواوی بەرجەستە دەكرێت".

باسی لەوەشكرد: "پۆلیسی ناوچەكە پاراستنی بەشیر دەگرێتەبەر ئێمە گوندی بەشیر چۆڵ دەكەین".

ئەم گوتانەی سەركردەكانی حەشدی شەعبی لە كاتێكدایە 1ی ئەم مانگە چەند ساتێك دوای رزگار كردنی بەشیر فەرماندەكانی پێشمەرگە رایانگەیاند، جگە لە ھێزی پێشمەرگە ھیج ھێزێكی دیكە لە ئۆپەراسیۆنی گوندی بەشیر بەشدار نەبوونە.