رێککەوتنی چوونی هاوڵاتییانی تورکیا بۆ ئەوروپا بەبێ ڤیزە هەڕەشەی لەسەرە
ئەم رێککەوتنە هەڵوەشێتەوە ئەگەر هەیە چیتر ئەنقەرە رێگە نەدات بە گەڕاندنەوەی کۆچبەران لە یۆنانەوە بۆ تورکیا.
K24-هەولێر
یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند پێویستە تورکیا یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەموار بکاتەوە بۆ ئەوەی دەست بکرێ بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی چوونی هاوڵاتییانی تورکیا بۆ ئەوروپا بەبێ ڤیزە، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند ئامادە نییە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وڵاتەکەی هەموار بکاتەوە، ئێستا ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا لەبارەی رێگەگرتن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەوروپا لە ئارادایە.
لیژنەی ئەوروپا راشیگەیاند مەرجە بۆ رێگەدان بە چوونی هاوڵاتییانی تورکیا بۆ ئەوروپا بەبێ ڤیزە، تورکیا یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەموار بکاتەوە و ئەم مەرجەی بە کلیلی رێککەوتنەکە ناوبرد. ئەمەش لە کاتێکدایە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چاودێری دۆخی راگەیاندن لە تورکیا دەڵێن دەسەڵاتی تورکیا هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردن و سزادانی "رۆژنامەنووسان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ" بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
بەڵام سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند ئامادە نییە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وڵاتەکەی هەموار بکاتەوە، ئەم بڕیارەی ئەردۆغانیش دوای دەست لە کارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئەحمەد داوودئۆغڵۆ هات کە هاوکات دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار بوو، بۆیە چاودێرانی دۆخی تورکیا دەڵێن ئێستا ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا لەبارەی رێگەگرتن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەوروپا لە ئارادایە، بەتایبەت ئەوەی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەوروپا واژۆکرد خودی سەرۆک وەزیران بوو نەک سەرۆک کۆمار.
بەڵام رۆژنامەی دێر شبێگڵی ئەڵمانیا لە زاری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتاینمایەی گواستەوە: "رێککەوتنەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا واژۆ کراوە نەک لەگەڵ کەسایەتییەکان" و ئاشکرای کرد خوازیارە سەرۆک وەزیرانی نوێی تورکیا هاوشێوەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو هەڵسوکەوت بکات.
بەپێی رێککەوتنی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، پێویستە هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە لە دوای 20/3/2016 بە شێوەیەکی نایاسایی دەگەنە یۆنان بۆ تورکیا بگەڕێندرێنەوە، هاوکات بەپێی رێککەوتنەکە لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی هەر کۆچبەرێکی سووریا لە یۆنانەوە تورکیا کۆچبەرێکی سووریی رەوانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بەو مەرجەی ژمارەی تێکراوی ئەو کۆچبەرانە لە 72 هەزار کۆچبەر تێنەپەڕێ.
هاوکات لە بەرامبەردا یەکێتی ئەوروپا چەند ملیارێک یۆرۆ دەداتە تورکیا لەپاڵ پێدانی چەند تایبەتمەندییەک بە هاوڵاتییانی تورک وەک رێگەدان بە چوونی هاوڵاتییانی تورکیا بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەبێ ڤیزە.
بە درێژایی ساڵی 2015 کۆچبەران بە لێشاو روویان لە وڵاتانی ئەوروپا دەکرد بە تایبەت ئەڵمانیا کە لە ساڵی 2015 بە تەنیا زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەری لەخۆگرت.
ئا: ئا ، ف